پێشبڕكێی گه‌یشتن به ئه‌لیزێ ده‌ستیپێكرد
رێوشوێنێكی توندی ئه‌منی بۆ پاراستنی ده‌نگده‌ران گیراوه‌ته‌به‌ر

K24 – هه‌ولێر
ده‌نگده‌رانی فه‌ره‌نسا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 23 نیسانی 2017 بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان، كه ئاینده‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا په‌یوه‌سته به ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه له خولی یه‌كه‌م هیچ كاندیدێك چانسی بردنه‌وه‌ی نییه و خولی دووه‌م له رۆژی 7 ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
نزیكه‌ی 47 ملیۆن هاووڵاتی فه‌ره‌نسا مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و رێوشوێنێكی توندی ئه‌منی بۆ پاراستنی ئاسایشی ده‌نگدان گیراوه‌ته‌وه و 50 هه‌زار پۆلیس و 7 هه‌زار سه‌رباز بڵاوپێكراون بۆ پاراستنی ده‌نگده‌ران.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی شه‌پوڵی پۆپۆلیستی له ئه‌وروپا، پاش ئه‌وه‌ی بریتانییه‌كان له ریفراندۆمێكدا ده‌نگیان به جیابوونه‌وه‌یان له یه‌كێتی ئه‌وروپادا و دۆناڵد تره‌مپی پۆپۆلیست له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و له ئه‌وروپا پارته راستڕه‌وه‌كان جه‌ماوه‌رێكی زۆریان به‌ده‌ستهێناوه.
به پێی راپرسییه‌كان، ئیمانۆئێل مه‌كرۆن 39 ساڵی، پاڵێواری میانڕه‌وی به‌ره‌و پێش و بانكداری پێشوو چانسی سه‌ركه‌وتنی له خولی یه‌كه‌مدا هه‌یه و له خولی دووه‌م له رۆژی 7 ئایاری داهاتوو به ئاسانی پاڵێوراوی راستگرا، مارین لۆپێن 48 ساڵی شكست ده‌دات و ده‌بێته گەنجترین سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا.

نۆ پاڵێوراوی دیكه‌شی به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا كردووە، كه پرسی كۆچبه‌ران، ئاسایش و ئاینده‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له گرنگترین پرسه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ن، به‌تایبه‌تی ته‌قینه‌وه‌كانی رابردووی فه‌ره‌نسا كه له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو 230 كه‌س به‌هۆی هێرشه تیرۆریستییه‌كان له شاره جیاوازه‌كانی فه‌ره‌نسا كوژران و له هێرشی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو له شه‌قامی شانزه‌لیزه‌ی پاریس پۆلیس كوژرا.
دۆنالد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا له‌مباره‌وه قسه‌یان كرد. تره‌مپ له‌م باره‌وه پێشبینی كرد ئه‌م رووداوه یارمه‌تیی ماری لۆپێن ده‌دات بۆ به هێزكردنی پێگه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردن. له كاتێكدا ئۆباما په‌یوه‌ندی به ئیمانۆئێل مه‌كرۆن كرد.
به‌رپرسانی فه‌ره‌نسا و هه‌ندێ له پاڵێوراوانی سه‌رۆكایه‌تی هۆشدارییاندایه لۆپێن له به‌رامبه‌ر كه‌ڵك وه‌رگرتنی خراپ له‌م هێرشی تیرۆریستییه.
مارین لۆپین، كاندیدی به‌ره‌ی نیشتیمانیی راستڕه‌و به‌ڵێنیداوه ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا سه‌ربكه‌وێت، رێكاری توند به‌رامبه‌ر كۆچ و په‌نابه‌ریی ده‌گرێته‌به‌ر و له‌م باره‌وه گوتوویه‌تی" تیرۆری توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان تێكده‌شكێنین".

ده‌نگدانی فه‌ره‌نسه‌وییه‌كان له ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و هه‌ندێ وڵاتی دیكه‌ی ئه‌و به‌ری ده‌ریا رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له بالێۆزخانه و كونسوڵخانه‌كانی ئه‌م وڵاته به‌ڕێوه‌چوو.
مه‌كرۆن له ساڵانی نێوان 2014 تا 2016 وه‌زیری ئابووری بووه و به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی پارته ته‌قلیدییه‌كانی فەرەنسا جه‌ماوه‌رێكی زۆری به‌ده‌ستهێناوه و دروشمی نوژه‌نكردنه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و به‌ره‌و پێش گرتووه‌ته‌به‌ر و ده‌شڵێت "نه راستڕه‌وه، نه چه‌پڕه‌و".
به‌شێك له‌و 67 هه‌زار سندووقه‌كانی ده‌نگدان تا كاتژمێر 19:00 كراوه ده‌بن و له پێنج شاری گه‌وره‌ش تا كاتژمێر 20:00 كراوه ده‌بن و یه‌كه‌مجار ئه‌نجامی نافەرمی هه‌ڵبژاردن كاتژمێر 20:00 له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگدانی دامه‌زراوه‌كانی راپرسی لە میدیاكانی فەرەنسا بڵاو ده‌كرێته‌وه.
له كاتێكدا مه‌كرۆن پێداگری له‌سه‌ر به‌هێزكردنی ناوچه‌ی یۆرۆ ده‌كات، لۆپێن به لایه‌نگرانی گووتوه "یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌مرێت" و هاوشێوه‌ی بریتانیا داوای ده‌رچوونی فەره‌نسا له یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات.