وادەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا درێژ دەكرێتەوە
"كاتی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەگۆڕدرێت"
K24 - ھەولێر
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاگادارى خوازیارانی خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا دەکات، کە ماوەى پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکوومیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سیمستهری هاوینە درێژکرایەوە.
عەباس ئەکرەم گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: "لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و رەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ خوازیاران، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا بۆ ماوەى یەک هەفتە پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژبکاتەوە، واتە تا کۆتایی دەوامى رەسمى رۆژى پێنج شەممە رێکەوتى 11-5-2017 پرۆسەى پێشکەشکردن بەردەوام دەبێت".
لەبارەى وادەى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، عەباس ئەکرەم ئاشكرای كرد: "تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر بۆ ماوەى یەک هەفتە دوادەخرێت، واتە لە رۆژى یەکشەممە رێکەوتى 21-5-2017 سەعات 10 بەیانى لە گشت زانکۆکان ئەنجام دەدرێـت، بەهەمان شێوە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ دکتۆرا بۆ ماوەى یەک هەفتە دوادەخرێت، واتە لە رۆژى دوشەممە رێکەوتى 22-5-2017 سەعات 10 بەیانى لە گشت زانکۆکان ئەنجام دەدرێـت".
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتيشى: "دەستپێکى دەوامى ئەکادیمی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بۆ سیسمتەرى هاوینەى ساڵى 2016-2017 وەکو خۆى دەمینێتەوە واتە لە سەرەتاى مانگى 7تەموزدەست پێدەکات.
سەبارەت بە پێدانى مۆڵەتى خوێندن لەلایەن وەزارەتەکانەوە، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد: "وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە نوسراوى رەسمى داواى لە سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران کردوە گشتاندنێک بۆ سەرجەم وەزارەتەکان بکات بۆ پێدانى لاری نەبون بۆ پێدانى مۆڵەتى خوێندن لە ناوەوەى هەرێم لەلایەن وەزارەتەکان بەپێى پلان و پێویستى خۆیان، تا ئەوکاتەى پەیڕەوى تایبەت بەمۆڵەتى خوێندن لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەردەچێ".