رۆحانی سەردانی ورمێ دەكات
خەڵك داوای جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لە رۆحانی دەكەن
K24 - ھەولێر
حەسەن رۆحانی كاندیدی رێفۆرمخوازەكان بۆ ھەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران، سەردانی پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكات و خەڵكی ورمێش داوای جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لە رۆحانی دەكەن.
حەسەن رۆحانی ئەمڕۆ یەكشەممە سەردانی پارێزگای ورمێ دەكات و بڕیارە لە شاری ورمێ گوتارێك بۆ لایەنگرانی پێشكەش بكات.
ئەو سەردانەی رۆحانی لە كاتێك دایە كە پرسی بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ تا ئێستا یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانە و لە داواكارییەكانی خەڵكی ئەو پارێزگایەیە و ساڵی رابردووش لە سەردانی بۆ ورمێ، رۆحانی بەڵێنی چارەسەركردنی وشكبوونی گۆلی ورمێی دابوو.
ئەوە بە یەكەم سەردانی رۆحانی وەك كاندیدی ھەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری ئێران بۆ پارێزگای ورمێ ئەژمار دەكرێت. ھەفتەی رابردوو، بڕیار بوو رۆحانی سەردانی پارێزگای كرماشان بكات، بەڵام سەفەرەكەی ھەڵوەشاندەوە.
گۆلی ورمێ دووەم گۆلی گەورەی ئاوی سوێری جیھانە، كە نزیكەی 90% وشكبووە و نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی ژینگەپارێز لە ئاستی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆیان لە وشكبوونی گۆلی ورمێ دەربڕیوە.
سەردانی رۆحانی بۆ ورمێ لە كاتێك دایە كە زۆربەی دەنگدەرانی كورد لە ھەڵبژاردنی پێشوو دەنگیان بە رۆحانیدا، كە بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی بیكاری و وشكبوونی گۆلی ورمێی دابوو.
ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران ھاوكات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شاری و گوند رۆژی 19 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
رۆژی شەممەی رابردوو ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە راگەیاندنی کەمپەینێک، هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان بایکۆت کرد و لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری هەولێر، داوایان لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا شارەکان بەجێ بێڵن و بۆ گەشت و سەیران بچنە ناو سروشتی کوردستان.
پێشتریش حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بە یەكدەنگی، ھەردوو ھەڵبژاردنی ئێرانیان بایكۆت كرد و لە بەیاننامەیەكی ھاوبەشدا داوایان لە ھاووڵاتییانی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان كرد نەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان.
لە دوایین پێشھاتەكانی ھەڵبژاردنەكانی ئێران، دەستەی چاودێری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند پاڵێوراوێتی 4500 كەسی رەتكردەوە، كە ژمارەی پالێوراوانی رەتكراو بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەكانی شار و گوند گەیشتووەتە 14500 كەس لە كۆی 290 ھەزار پاڵێوراو.