پارته نوێیه‌كه‌ی شنگال دژی ریفراندۆمه
ده‌یانه‌وێت ناوچه‌یه‌كی خۆبه‌رێوه‌به‌ریی سه‌ربه به‌غدا دابمه‌زرێنن
K24 - هه‌ولێر:
قه‌حتان شنگالی، سه‌رۆكی "پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدی" ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه رایگه‌یاند:" ئێستا ناتوانرێت ریفراندۆم له ناوچه‌كانی شنگال ئه‌نجام بدرێت، چونكه زۆربه‌ی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه ئاواره‌ن. به‌ڵكو پارته‌كه‌یان (پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدی) كار بۆ دامه‌زراندنی ئیداره‌یه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی له چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌كات".
قه‌حتان شنگالی به پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی "سۆمه‌رییه نیوز"ـی گوتووه" ره‌وشی ئێستای ناوچه‌كانی شنگال بۆ ریفراندۆم شیاو نییه، به لایه‌نه‌كانی عێراقیشمان گوتووه نامانه‌وێت ئێستا ریفراندۆم له‌م ناوچانه‌دا بكرێت".
سه‌رۆكی "پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدی" كه له‌م دواییانه‌دا مۆڵه‌تیان له به‌غدا وه‌رگرتووه، ئه‌وه‌شی گوتووه" 40% رووبه‌ری خاكی ناوچه‌كانی شنگال هێشتا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی داعشدایه، 12 گوند و كۆمه‌ڵگای ئێزدینشین له خۆده‌گرێت و 150 بۆ 200 هه‌زار له ئێزدییه‌كانی ناوچه‌كانی شنگالیش، هیشتا له خێوه‌تگه‌كانی ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین".
قه‌حتان شنگالی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، پارته‌كه‌یان ده‌یه‌وێت ئێزدییه‌كان بڕیاریان له ده‌ستی خۆیاندا بێت و خۆیان چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن و بارودۆخی ئێستاش بۆ به‌شداریی ئیزدییه‌كان له ریفراندۆم به گونجاو نازانێت".
"پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدی" له مانگی نیسان / ئه‌پریلی رابردوو دامه‌زراوه‌و هه‌ر چه‌نده سه‌رۆكی ئه‌و پارته پێشتر له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاندبوو كه ئه‌وان سه‌ربه هیچ هێزو لایه‌نێكی سیاسی نیین، به‌ڵام به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و پارته ئاشكراكراوه، ئه‌وانه هێزێكی لایه‌نگری پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه"ـن كه نزیكه‌ی 3 ساڵه چه‌ندین هێز و گرووپی چه‌كدار و رێكخراوی جۆراوجۆری له ناوچه‌كانی شنگالدا دروستكردووه و ئاڵای عێراق هه‌ڵده‌كه‌ن و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاڵای كوردستانیان به‌رزنه‌كردووه‌ته‌وه.