بەوێنە.. درێسی ئەو یاریزانانەی مێسی بۆ یادگاری لە ماڵەکەی هەڵیگرتوون

کریستیانۆ رۆناڵدۆی تێدا نییە

K24- هەولێر

لیۆنێل مێسی لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆژی سێشەممە وێنەیەکی خۆی و تیاگۆی کوڕی لە نێو دەیان درێسی یاریزانان بڵاوکردەوە و میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە وردبوونەوە لەو درێسانە سەرقاڵ کرد.

مێسی ماوەیەک لەمەوبەر لە لێدوانێکی لەبارەی داواکردنی درێسی یاریزانان بۆ رۆژنامەی (سەن)ی بەریتانی گوتی 'من لەو یاریزانانە نیم داوای گۆڕینەوەی درێسەکانمان بکەم، تەنیا جارێک داوای درێسم کردووە، ئەویش لە زینەدین زیدان بوو'. هەروەها لیۆ گوتبووی 'من داوای گۆڕینەوەی درێس لە یاریزانان ناکەم، ئەگەر لە یارییەک یاریزانی ئارجێنتینی هەبوو درێسەکەم لەگەڵ ئەوان دەگۆڕمەوە، ئەگینا بە دوای یاریزانی دیکە ناگەڕێم بۆ گۆڕینەوەی درێسەکانمان'.

 لە وێنەکەی مێسی زیاتر لە 70 درێسی یاریزانان دەبینرێت، کە لیۆ لە ماڵەکەی خۆی لە بارسێلۆنا شوێنێکی تایبەتی بۆ تەرخانکردوون.

 

گۆنزالۆ هیگواین، هێرشبەری ئارجێنتینی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی
گۆنزالۆ هیگواین، هێرشبەری ئارجێنتینی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی

گەرچی درێسی هەریەکە لە دیێگۆ میلیتۆ، سێرخیۆ ئەگوێرۆ. ئانخێل دی ماریا و پابلۆ ئەیماری تێدایە، کە هاونیشتیمانی مێسین و لە ریزی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بەیەکەوە یارییان کردووە، بەڵام لەم وێنەیەی لیۆ بڵاویکردووەتەوە درێسی گۆنزالۆ هیگواینی هێرشبەری ئارجێنتینی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی نابینرێت، لە کاتێکدا پێشتر هیگواین لە ریال مەدرید دەیان یاریی بەرامبەر مێسی ئەنجام داوە و لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئارجێنتیناش یاریی زۆریان بەیەکەوە کردووە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی لە یارییەکی کلاسیکۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی لە یارییەکی کلاسیکۆ

گەرچی مێسی درێسی هەریەکە لە ئیکێر کاسیاس، رائول گۆنزالێس و ئانخێل دی ماریای یاریزانانی پێشووی ریال مەدریدی وەکو یادگاری هەڵگرتووە، بەلام تاکو ئێستا لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یەکەمی ریال مەدرید درێسەکانیان ئاڵوگۆڕ نەکردووە و تاکو ئێستا رۆناڵدۆ و مێسی کە لەوەتەی 2009 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانیان قۆرخکردووە، درێسی یەکتریان وەرنەگرتووە و ئەو دوو رکابەرە سەر سەختە درێسی یەکتریان لەلا نییە.

درێسی فێرناندینهۆ و یایا تۆرێی ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی
درێسی فێرناندینهۆ و یایا تۆرێی ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی

درێسی دوو یاریزانی مانچێستەر سیتی لە وێنەکەی مێسی دەبینرێن، ئەوانیش درێسی یایا تۆرێی هاوتیپی پێشووی لیۆ و فێرناندینهۆی ناوەڕاستکاری بڕازیلین، کە پێشتر دوو یاریزانەکەی مان سیتی لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی مێسی بوونەتەوە.

درێسی پاڤێل نێدڤێد، ئەستێرەی پێشووی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی
درێسی پاڤێل نێدڤێد، ئەستێرەی پێشووی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی

درێسی پاڤێل نێدڤێد لە ژووری یادەوەرییەکانی مێسی دەبینرێت، لە کاتێکدا پێشتر هەرگیز بارسێلۆنا و یۆڤێنتۆس لە چامپیۆنزلیگ لە سەردەمی یاریکردنی نێدڤێدی ناوەڕاستکاری چیکی رووبەڕوو نەبوونەتەوە، بەڵام پێدەچێت بۆ ئەو یارییە بگەڕێتەوە کە مێسی لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە جامی دۆستانەی گامبەر بەرامبەر یۆڤی یاریی کرد.

یوسف ئەلعەرەبی، هێرشبەری مەغریبی پێشووی گرانادای ئیسپانی
یوسف ئەلعەرەبی، هێرشبەری مەغریبی پێشووی گرانادای ئیسپانی

درێسی یوسف ئەلعەرەبی، هێرشبەری مەغریبی پێشووی گرانادای ئیسپانی و ئێستای لەخویای قەتەڕی دەبینرێت و تاکە یاریزانی عەرەبە دریسەکەی لەلای مێسی بۆ یادگاری هەڵگیرابێت، کە پێشتر لە لالیگا ئەلعەرەبی و مێسی یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە.

فرانسیسکۆ تۆتی و لیۆنێل مێسی لە کاتی گۆڕینەوەی درێسەکانیان
فرانسیسکۆ تۆتی و لیۆنێل مێسی لە کاتی گۆڕینەوەی درێسەکانیان

لە ماڵەکەی مێسی درێسی فڕانسیسکۆ تۆتی، ئەستێرەی پئیتاڵی یانەی رۆمای ئیتاڵیش دەبینرێت، کە دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک رۆما و بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕوو بوونەوە درێسەکانیان گۆڕییەوە و دواتر مێسی لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک وێنەی خۆی و تۆتی بڵاوکردەوە و نووسیبووی 'یاریزانێکی مەزن، چ دیاردەیەکە'.