نەعیم قاسم: بەرگری تاکە بژاردەمانە و بەردەوام دەبین

 ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، دەزانین بە هیچ شێوەیەک هاوسەنگیی سەربازی لە نێوان ئەوان و ئیسرائیلدا بوونی نییە، بەڵام لەسەر بژاردەی بەرگری بەردەوام دەبن.

شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان لە وتارێکدا جەختیکردەوە، «بەرگری بە هەموو شێوازەکانییەوە، تاکە رێگەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکان، هاوکات دووپاتیشیکردەوە دۆزی فەلەستین پرسی بنەڕەتیی ئەوانەیە و داکۆکی لێدەکەن. 

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا باسی مێژووی پێکدادانەکانی نێوانیان کرد و گوتی: حزبوڵڵا لە ساڵانی 2000 و 2006ـدا دەستکەوتی گەورەی لە ئازادکردنی خاکدا بەدەستهێنا، هەروەها لە ساڵانی 2024 و 2026ـدا دوو جەنگی گەورەمان ئەنجامداوە و تا ئێستاش لە نێو بازنەی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامداین لە دژی ئیسرائیل.

نەعیم قاسم لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بەرگری تاکە رێگەیە بۆ ئازادکردنی خاک و هەموو رێگەکانی دیکە بەفیڕۆدانی کاتن، گوتیشی، ئێمە لە لوبنان راستەوخۆ ئەزموونی ئەم بژاردەیەمان کردووە و بۆمان سەلمێنراوە کە تەنیا ئەم رێگەیە دەتوانێت خاک و مرۆڤ ئازاد بکات.

سەبارەت بە دۆخی ئێرانیش، نەعیم قاسم رایگەیاند، تاران رووبەڕووی هەوڵێک بووەوە بۆ رووخاندنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی، بەڵام سەرکردایەتی گەل و سوپای پاسداران بە یەکگرتوویی و هەماهەنگی رووبەڕووی ئەم ئاستەنگە بوونەوە، گوتیشی: تەنانەت ئەگەر کاتێکی زۆریش بخایەنێت، لە کۆتاییدا هەر ئێران سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت.