ئاگر لە باڵەخانەیەکی ئیسکان تاوەر لە هەولێر کەوتەوە

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئاگر لە شوقەیەکی نهۆمی نۆیەمی باڵەخانەیەکی ئیسکان تاوەر لە شاری هەولێر کەوتووەتەوە، و ئێستا سێ تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و رزگارکردنی نیشتەجێبووانی باڵەخانەکەن لە نێو دووکەڵدا.

شەممە 19ی ئەیلوولی 2026، شاخەوان سەعید گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئاگرێک لە ژوورێکی یەکێک لە شوقەکانی نهۆمی نۆیەمی باڵەخانەی ئیسکان تاوەر کەوتووەتەوە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی روونی کردەوە کە دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان، سێ تیمی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی بڵێسەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگری لە تەشەنەسەندنی بۆ شوقەکانی دیکەی هەمان نهۆم و باڵەخانەکە بگرن.

بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لەو باڵەخانەیەدا نیشتەجێن و ئاگرەکە دووکەڵێکی ئێجگار زۆری دروستکردووە، تیمەکانی رزگارکردنی بەرگریی شارستانی چوونەتە نێو سەرجەم نهۆمەکان و سەرقاڵی دەرهێنان و رزگارکردنی خەڵکن تا لە مەترسیی دووکەڵەکە دووریان بخەنەوە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی جەختی لەوە کردەوە کە تەواوی هەوڵەکانی تیمەکان بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانە تاوەکو هیچ زیانێکی گیانی لە رووداوەکە نەکەوێتەوە، و رەوشەکە لە ژێر چاودێری و هەوڵی کۆنترۆڵکردندایە.