به‌ ڤیدیۆ.. ئاسایشی هه‌ولێر دانپێدانانی باندێكی "تاوانكاری" بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر، ڤیدیۆی ده‌قی دانپێدانانی باندێكی "تاوانكاری" بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌ چه‌ند "تاوانێكیان" له‌ناو شاری هه‌ولێر ئه‌نجامداوه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر، ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و بانده‌، 4 كه‌سن و هاوڕێی یه‌ك بوونه‌، كه‌ پێشتر به‌ ده‌مانچه‌ هێرشیانكردووه‌ته‌ سه‌ر كاسبكارێكی گۆڕینه‌وه‌ی دراو و دوای برینداركردنی، پاره‌كانی ده‌به‌ن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیاندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە

دوای ئەوەی لە نێو بازاڕی هەولێر، هێرشکرایە سەر کاسبکارێک و بریندار کرا، هێزەکانمان بەدواداچوونی وردیان کرد و توانیان تەواوی ئەو گروپە تاوانبارە دەستگیر بکەن.

بەپێی دانپێدانیان کە لەگەڵ ئەم راگەیاندراوەدا بڵاوکراوەتەوە، هەریەک لە (گۆران سەباح مەولود، محەمەد کاوە ئیسماعیل، ئەیاد رەووف مەحموود و هێرش جەلیل موسا) دوای پیلان و چاودێرییان. لە ١/٤/٢٠١٧ لە ناو بازاڕی هەولێر، بە چەکی دەمانچە هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتی (محەمەد ئەبوبەکر) کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو بووە، دوای بریندارکردنی ناوبراو، پارەکەی دەدزن و هەڵدێن.

ئەم گروپە چەند دزییەکی دیکەیان ئەنجامداوە و پلانیان بۆ  کوشتنی هاوڕێیەکی دیکەشیان هەبووە لە پێناو دزینی پارەکەیدا، بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکران و پیلانەکانیان شکستی پێهێنرا.

وەک ئاسایشی هەولێر، هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە، لە دۆزینەوەی تاونباران و رادەستکردنیان بە دادگاکان بەردەوام دەبین.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

٩/٥/٢٠١٧