وەزارەتی پێشمەرگە رێكدەخرێتەوە

"پڕۆژەكە بەھاوكاری پسپۆرانی سەربازی ئەمریكی و بەریتانی ئامادەكراوە"

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەی ریفۆرم و رێكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی پەسند كرد.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24 راگەیاند: "لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەیەك بەناوی "پێشمەرگە لە ئایندەدا" بە مەبەستی ریفۆرم و رێكخستنەوەی ھەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگە پەسندكرا".

روونیكردەوە: "ئەو پڕۆژەیە پێشتر گفتوگۆی لەسەركراوە و بەھاوكاری پسپۆرانی سەربازی ئەمریكی و بەریتانی ئامادەكراوە، مەبەست لەو پڕۆژەیە گۆڕانكارییە لەكاروباری وەزارەتی پێشمەرگەیە".

بەگوێرەی زانیارییەكان بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە ھەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگە ھاوشێوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانانی دژی داعش دەبێت، وەك بڕیاریشە لە راگەیەندراوێكدا ناوەرۆكی پڕۆژەكە بخرێتەڕوو.

ئەمە لەكاتێكدایە لە شەڕی دژی داعش بەھۆی بەرگری و تێكشكاندنی رێكخراوی داعش، ھێزی پێشمەرگە بووە مایەی بایەخدان لای میدیا جیھانییەكان و لەلایەن وڵاتانی زلھێزەوە سوپاسگوزاری ئاراستەی پێشمەرگە كرا كە لە بری ھەموو جیھان شەڕی تیرۆر دەكات.