ئۆپێک هۆشداری لە کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی وزە دەدات

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، رێکخراوەکە پێشبینیی گەشەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت بۆ ساڵی 2026 بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم کردووەتەوە، و هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و وزەدا

سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەیسەم غەیس، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە 25ەمین کۆنگرەی نەوتی جیهان لە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە، ئاشکرا کرد پێشبینییەکان بۆ گەشەی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو لە ساڵی 2026 بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم کردەوە، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینیی 1.4 ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا کردبوو. ئەم هەموارکردنەوەیە بە واتای دابەزینی ئاستی گەشەی خواست دێت بە رێژەی نزیکەی 71% بەراورد بە خەمڵاندنەکانی پێشوو.

روونی کردەوە، ئەم پاشەکشەیە رەنگدانەوەی ئاستی بەکاربردنی نەوتە لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا، کە هاوکات بووە لەگەڵ دروستبوونی ئاستەنگ لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزە و کێشەکانی بەردەم گواستنەوەی دەریایی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرەڕای کەمکردنەوەی پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2026، ئەمینداری گشتیی ئۆپێک جەختی لەوە کردەوە، خواست بە تەواوی لەناو نەچووە، بەڵکوو بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە دواخراوە.

ئۆپێک پێشبینی دەکات لە ساڵی 2027دا ئەو بەکاربردنە پاشەکەوتکراوە قۆناخ بە قۆناخ بگەڕێتەوە ناو بازاڕەکان و خواست بە شێوەیەکی بەرچاو دەست بە بووژانەوە بکات، هاوکات رێکخراوەکە پێشبینییە درێژخایەنەکانی خۆی بۆ گەشەی بازاڕی نەوت وەک خۆی هێشتووەتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە نەوت وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی دابینکردنی وزە لە جیهاندا دەمێنێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، هەیسەم غەیس ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گەشەسەندنی ئابوورییەوە، خواستی سەرەتایی جیهان بۆ وزە لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2050 بە رێژەی نزیکەی 23% بەرز دەبێتەوە.

هاوکات ئەمینداری گشتیی ئۆپێک هۆشداریی توندی دا لە کەمبوونەوەی قەبارەی وەبەرهێنان لە پیشەسازیی وزەدا، بەتایبەت لە بوارەکانی گەڕان و پشکنین، دەرهێنان، پاڵاوتن و گواستنەوەی نەوت.

غەیس روونی کردەوە کە لێکەوتە نەرێنییەکانی کەمیی وەبەرهێنان لە ئێستاوە لە کەرتی پاڵاوتنی نەوتدا بەدی دەکرێن، لە کاتێکدا هەبوونی توانای پاڵاوتن فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دەستەبەرکردنی سووتەمەنی لە جیهاندا.

جەختی کردەوە کە ئۆپێک لە نزیکەوە چاودێریی هاوسەنگیی نێوان خستنەڕوو و خواست دەکات تاوەکو ئاراستەی بازاڕەکان بۆ تەواوی ساڵی 2026 و ساڵی داهاتوو هەڵبسەنگێنێت.