سەربەست لەزگین: قبووڵ ناكەین حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال بمێنێتەوە
"حەشدی شەعبی هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە نەکردووە"
K24 - ھەولێر
سەرپەرشتیارى میحوەرى شنگال رایگەیاند، حەشدى شەعبى ئاگاداری کردین لەوەى ئۆپەراسیۆنێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەدێى قەیرەوانى سەر بە شارۆچکەى شنگال دەست پێدەکەن، هەرچەندە ئێمە نیگەران بووین، بەڵام حەشدى شەعبى وەڵامێکى ئەوتۆیان نەبوو و بە بڕیارێکى تاک لایەنە ئۆپەراسیۆنەکەىان دەستپێکرد.
سەربەست لەزگین سەرپەرشتیارى میحوەرى شنگال لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەرچەند بڕیار وابوو بە پێى رێککەوتنى سەربازى نێوان بەغدا و هەولێر ئۆپەراسیۆنێکى هاوبەشى سەربازى سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش دەست پێبکەین، بەڵام بەداخەوە حەشدى شەعبى دەستپێشخەرى کرد و بە بێ گوێدان بە رێککەوتن ئۆپەراسیۆنى سەربازى لە شارەدێى قەیرەوانى سەر بە شارۆچکەى شنگال ئەنجامدا".
لەزگین دەڵێت: "وەک حەشدى شەعبى بانگەشەى بۆ دەکات ئەو ئۆپەراسیۆنەى ئەنجامیداوە تاوەکو بگەنە سنوورى سووریا، بەڵام لە راستیدا ئەو شوێنەى حەشدى شەعبى تێیدا شەڕ دەکات 60 بۆ 70 کیلۆمەتر لە سنوورى سووریا دوورە و ئامانجى سەرەکى حەشدى شەعبى لەو ئۆپەراسیۆنە کردنەوەى رێگەیەکى وشکانى نێوان عێراق و سووریایە لەگەڵ حزبوڵڵا و گرووپە شیعەکانى دیکە، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر گوند و ناوچە سنوورییەکانى سووریا".
سەرپەرشتیارى میحوەرى شنگال دەشڵێت: "هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناكات بستێکى خاکى ھەرێمی کوردستان لەژێر دەستى هیچ هێزێکى دیکەى بیانى بێت، لە ئەگەرى مانەوەى حەشدى شەعبى لەو ناوچە کوردییانەى سنوورى شارۆچکەى شنگال هەڵوێستى خۆمان دەبێت".