بارزانی: مامۆستایان بە روحییەتی پێشمەرگانە بەرامبەر ئەو دۆخە قورسە خۆڕاگر بوون
"هەستی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتیی لەناو نەوەی ئێستادا پەرە پێبدەن"

K24 - ھەولێر
مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پەیامێك ئاراستەی مامۆستایان دەكات و رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئاستەنگەکان و دۆخی نالەباری دارایی، ئێوەی مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و خەڵکی کوردستان، بەهەمان ڕوحییەتی پێشمەرگانەوە بەرانبەر ئەو دۆخە قورسە خۆڕاگر بوون و نەتانهێشت کاروانی خوێندن لە کوردستان بوەستێت.
لە بەشێكی دیكەی پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر له سەنگەری پێشهوهی خهباتدا بوون و لهو پێناوەشدا دهیان شههیدی نهمریان پێشکەشی كوردستان کردووە".
سەرۆك بارزانی رایدەگەیەنێت: "ئێستایش کە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی کوردستان تێکشکێندرا و گەلەکەمان هەنگاوی مەزنی لەپێشە، پێویستە مامۆستایان بە هەمان ڕۆحییەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن و هەستی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتیی لەناو نەوەی ئێستادا پەرە پێ بدەن و ڕێگە نەدەن هەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی هەستی خۆ بەکەمزانین و بێ ئیرادەیی لەناو منداڵ و گەنجانی وڵاتەکەماندا سەربگرێت".
دەقی پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
به ناوی خوای مهزن و دلۆڤان
بهرێزان سكرتێر و ئهندامانی سكرتاریهتی یهكێتیی مامۆستایانی كوردستان
سڵاو و رێز
بهبۆنهی یادی پەنجاوپێنج ساڵەی دامهزراندنی یهكێتیی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزباییهكی گهرم ئاراستهی ئێوه و سهرجهم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دهكهم و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم .
خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر له سەنگەری پێشهوهی خهباتدا بوون و لهو پێناوەشدا دهیان شههیدی نهمریان پێشکەشی كوردستان کردووە.
دوای بڕینی بودجەی کوردستان و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستان و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە، سەرەڕای ئاستەنگەکان و دۆخی نالەباری دارایی، ئێوەی مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و خەڵکی کوردستان، بەهەمان ڕوحییەتی پێشمەرگانەوە بەرانبەر ئەو دۆخە قورسە خۆڕاگر بوون و نەتانهێشت کاروانی خوێندن لە کوردستان بوەستێت. ئێستایش کە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی کوردستان تێکشکێندرا و گەلەکەمان هەنگاوی مەزنی لەپێشە، پێویستە مامۆستایان بە هەمان ڕۆحییەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن و هەستی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتیی لەناو نەوەی ئێستادا پەرە پێ بدەن و ڕێگە نەدەن هەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی هەستی خۆ بەکەمزانین و بێ ئیرادەیی لەناو منداڵ و گەنجانی وڵاتەکەماندا سەربگرێت.
پێویستە مامۆستایان ئەو وانەیە بە ڕۆڵەکانمان بڵێنەوە کە نابێ قوربانییەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت و بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرەو داهاتوویەکی پڕشنگدار هەنگاو بنێن.
هەر شاد و سەرکەوتوو بن
مسعود بارزانی
15/5/2017