یەكێتی چەند پێشنیارێك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان تاوتوێ دەكات
مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو و ریفراندۆم و دۆخی ناوخۆی یەكێتی كۆدەبێتەوە.
حاكم قادر حه‌مه‌جان وته‌بێژی یه‌كێتی به كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێن، وەك پێشھاتە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان و پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، ھەروەھا قەیرانی دارایی".
بە گوێرەی زانیارییەكان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جگە لە پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو و ریفراندۆم و دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی چەند پێشینارێکی دیکە تاوتوێ دەکرێن بۆ ئەوەی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئاراستەی گۆڕان بکرێن.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی کۆسرەت ره‌سووڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یەکێتی دەبێت.
وتەبێژی یەكێتی ئاشكرای كردووە، رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووش سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی كۆده‌بێته‌وه.
لە دوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێكی نێوانیان كردووە و یەكێتی چەند پێشنیارێكی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ئاراستەی گۆڕان كردووە.
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ھاوكاتە لەگەڵ ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان تێدەپەڕێت كە لە 17 ئایاری2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا واژووكرا، بەڵام دوای ساڵێك بەگوتەی بەشێك ھەڵسوڕاوانی گۆڕان نەتوانراوە خاڵەكانی ئەو رێككەوتننامەیە جێبەجێ بكرێن كە ئەمان یەكێتی بە بەرپرسیار دەزانن لە جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنەكە.