فوئاد حوسێن: گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا لەگەڵ گەلی ميسر لە یەك سەنگەر دان

نوێنەری سەرۆك بارزانی بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی سەردانی كونسوڵخانەی ميسر لە هەولێر دەكات

K24 – هه‌ولێر:

فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتیی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی كونسوڵخانەی ميسرى لە هەولێر كرد.

لەو سەردانەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ سەرۆك و حكوومەت و گەلی ميسر بە كونسوڵی ميسر لە هەولێر گەیاند بۆ قوربانیانی رووداوە تیرۆریستییەكەی رۆژی  هەینی 26ی 5ی 2017لە ئەلمەنیای وڵاتی ميسر و سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو رووداوە كرد.

هەر لەو سەردانەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم وێڕای ئاماژەدان بە مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی جیهانی رایگەیاند، كە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە، كە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا لەگەڵ گەلی ميسر لە یەك سەنگەر دان.

جێگەی ئاماژەپێكردنە رۆژی هەینی 26ی 5ی 2017 لە ئەنجامی پەلامارێكی تیرۆریستی لە شاری ئەلمەنیای وڵاتی ميسر دەیان كەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هاووڵاتی تریش بریندار بوون.