بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لووتکەی سەرکردەکانی جیهان بۆ کەشوهەوا لە ئەنتالیا بەڕێوەدەچێت

لە ئەنتالیا، کارەکانی "لووتکەی سەرکردەکانی جیهان" لە چوارچێوەی 31ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP31) بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.

کۆنفرانسەکە لەژێر چاودێریی رەجەب تەیب ئەردۆغان و بە بەشداریی زیاتر لە 100 سەرۆک و سەرکردەی جیهان بەڕێوەدەچێت. ئەم لووتکەیە وەک هەستیارترین و گرنگترین بەشی کۆنفرانسەکە دەناسرێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. تێیدا بڕیاربەدەستانی باڵای جیهان هەوڵ دەدەن بگەنە رێککەوتنی چارەنووسساز سەبارەت بە کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

کۆی کارەکانی کۆنفرانسی COP31 بۆ ماوەی 12 رۆژ درێژەی دەبێت و تورکیا بۆ یەکەمجارە میوانداریی ئەم چالاکییە دەکات. لە لووتکەی ئەم دوو رۆژەی سەرکردەکاندا، 102 سەرۆک و سەرکردەی جیهان، نوێنەرانی 196 دەوڵەت و یەکێتیی ئەوروپا ئامادەن. هاوکات زیاتر لە 300 وەزیر و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بەشدارن.

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە لووتکەکەدا ئامادەیە بۆ خستنەڕووی دیدگا و مەترسییە ژینگەییەکانی ناوچەکە.

کارنامەی سەرەکیی سەرکردەکان لەم دوو رۆژەدا چڕ دەبێتەوە لەسەر چەند دۆسیەیەکی ستراتیژیی جیهانی، لەوانە: خێراکردنی پرۆسەی گواستنەوە بەرەو وزەی پاک، جێبەجێکردنی پڕۆژەی "پاشماوەی سفر"، دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و بنیاتنانی شارە خۆڕاگرەکان بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

هەروەها تاوتوێکردنی پەرەپێدانی پیشەسازیی سەوز، پاراستنی ژینگەی دەریا و زەریاکان، لەگەڵ بەهێزکردنی کەرتی تەندروستی بەرامبەر بە هەڕەشە ژینگەییەکان لە ئەولەویەتی کارنامەی بەشداربووان دەبن.