بیرە نەوتێكی كەركووك ئاگری گرت

لە رێگەی بۆمبی چێندراو تەقێندراوەتەوە

K24 - كەركووك

بیرە نەوتێك لە سنووری قەزای دوبزی سەر بە پارێزگای كەركووك ئاگری گرت و بە گوێرەی زانیارییەكان بیرە نەوتەكە لە رێگەی بۆمبی چێندراو تەقێندراوەتەوە.

ھێمن دەلۆ پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "كاتژمێر4:30 بەیانی ئەمڕۆ لە نزيك گوندی شیرناوی سەر بە قەزای دوبز لە سنووری پارێزگای كەركووك بیرە نەوتێك لە رێگەی بۆمبی چێندراو تەقێندراوەتەوە و ئاگری گرتووە".

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، تا ئێستا ئاگری ئەو بیرە نەوتە كۆنترۆڵ نەكراوە.

تا ئێستا ھیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە كردەوەكە رانەگەیاندووە و ھێزە ئەمنییەكانی كەركووكیش ھەواڵەكەیان پشتراست كردووەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر چەندین جار بیر و بۆری نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك لەلایەن چەكدارانی داعش تەقێندراوەتەوە.