مین لابەرێك لەكاتی كاركردن مینی پێدا تەقییەوە

"یەكەم حاڵەتی بەركەوتنی مینە لە ئەمساڵدا لە سنووری ھەولێر تۆمار دەكرێت"

K24 - سۆران

كارمەندێكی دەزگای مین لە دەڤەری سۆران لە كاتی كاركردن مینی پێدا تەقییەوە و گیانی لە دەستدا.

جەمال جەلال بەڕێوەبەری دەزگای گشتی كاروباری مین-ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ مین لابەرێكی دەزگاكەمان بەناوی بەختیار عزەدین، لەكاتی كاركردن لە یەكێك لە كێڵگە مینەكانی چیای حەسەن بەگ لە سنووری سیدەكان مینێكی جۆری ڤاڵمارا پێدا تەقیەوە و گیانی لە دەستدا".

روونیكردەوە: "ئەو كێڵگە مینە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو، لە كاتی شەڕی عێراق- ئێران، لەلایەن رژێمی بەعس ئەو ناوچانە مینڕێژكراون".

بەڕێوەبەری دەزگای گشتی كاروباری مینی ھەولێر راشیگەیاند: "لەسەرەتایی ئەمساڵەوە تا ئێستا ئەمە یەكەم حاڵەتی بەركەوتنی مینە لە سنووری پارێزگای ھەولێر تۆمار دەكرێت".