نێچيرڤان بارزانى بۆ كوردستان24: حه‌شدى شه‌عبى له‌ شنگال پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كان نه‌بووه‌

له‌گه‌ڵ رووس نه‌فت ته‌نيا يادداشتى لێكتێگه‌يشتن واژوو كراوه‌

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی لەگەڵ کوردستان 24 لە سانت پترسبێرگ رایگەیاند، قوناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان هەولێر و موسکۆ دەستپێکردووە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەى به‌وه‌شكرد، رێککەوتنیان لەگەڵ رووس نەفت نەکردووە، بەڵکو چەند یاداشتێكی لێکتێگەیشنیان لەگەڵ رووس نەفت واژوو کردووە و دوای گفتۆگۆ کە لە چەند رۆژی داهاتوو دا ئەنجام دەدرێن رێککەوتن واژوو دەکەن.

لەبارەی حەشدی شەعبی و شنگالەوە نێچیرڤان بارزانی گۆتی: ئەوان پابەندی رێککەوتنەکان نەبوون و ده‌بوايه‌ حكومه‌تى عێراق و هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ پرۆسه‌ى سه‌ربازى له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامدرابا، به‌ڵام ئه‌وان پابه‌ند نه‌بوون.

هه‌روه‌ها گوتى: پێویستە هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش گفتۆگۆی زیاتر پێویستە.

سه‌باره‌ت به‌ ريفراندۆميش نێچيرڤان بارزانى گوتى: ئه‌و پرسه‌ په‌يوه‌ندى به‌ يه‌ك لايه‌نى سياسييه‌وه‌ نييه‌ و هيوادارين به‌ زووترين كات گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌ستپێبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى واده‌ى ئه‌نجامدانى ريفراندۆم ديار بكرێت.

له‌ باره‌ى بوونى په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال، نێچيرڤان بارزانى رايگه‌ياند، مانه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال سه‌رچاوه‌ى ناسه‌قامگيرييه‌ و ده‌بێت په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌يه‌ نه‌مێنێت و شنگال چۆڵ بكات.