ئاڵا تاڵەبانی: شیعەبوون تاوان نییە
روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، كە بنەماڵەی تاڵەبانی سەر بە عەشیرەتی ئەسەدن و بە مەزھەبی شیعەن، كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لەبەرامبەردا سكرتاریەتی جەلال تاڵەبانی روونكردنەوەیەكی لەسەر گوتەكانی ئاڵا تاڵەبانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "ئەو دەربڕینە تەنھا ناوبراو لێی بەرپرسیارەو روانینێکی بێ بیرکردنەوەیە، ھەموو کەسێکیش دەزانێ تاڵەبانییەکان زەنگەنەن" ئەمڕۆش لە روونكردنەوەیەك لەسەر ئەم گوتەیە ئاڵا تاڵەبانی دەڵێ: "خۆ شیعە بوون تاوان نییە".
لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "گفتوگۆ دەربارەی ئەوەی کە بنەماڵەی تاڵەبانی سەر بە ھۆزی بەنی ئەسەدن و مێژووی ئەو ھۆزەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕەچەڵەکی نەتەوەی عەرەب سەربە مەزھەبی شیعە، لە راستیدا پێویستە باس لەوەبکرێت کە ئەو گفتوگۆیە کە لە میانی ئەوپڕۆگرامەدا ئەنجامدرا، دووربوو لە دیالۆگێکی جدی و خستنە رووی بەڵگەی مێژووی کە تەنھا لەو رێگەیەوە دەتوانرێ بڕیار دەربارەی مەسەلەیەکی مێژووی بدرێت، کە ئاخۆ تاڵەبانییەکان شیعەن یان سوونە، ئەگەر گریمانە شیعەش بن خۆ شیعەبوون تاوان نییە!. بەڵام کە شیعەش نین دەبێت ھەرئەو کەسانەی کە نانیان لە چەواشەدایە لەوە بگەن کە تاڵەبانییەکان سەر بەمەزھەبی سوونەن و سەر بەڕێبازی قادرین، بڕۆن سەرێک لە تەکێی خوداپەرستی تاڵەبانییەکان بدەن".
ئاڵا تاڵەبانی دەشڵێت: "ئەو دیالۆگە لەو کاتەدا زۆرتر دیالۆگێکی تەنزئامێز بووە نەک دیالۆگێکی جدی و قوڵ، ھەر لەبەرئەوەش زۆرتر لەسەر ئەو باسە نەرۆیشتین و لە جێگەیەک کۆتایھات، بۆ مێژووش ئێمەی کورد لە مێژووی کۆن و نوێدا ھەرگیز لە بابەتی مەزھەبی نەگلاوین، سەرباری ئەوەش لەنێو گەلی کوردا کێشەیەک نییە بەناوی کێشەی مەزھەبی بەڵکو کێشەی ئێمە لەچەرخی رابردوو کێشەی نەتەوەی بووە بە ئێستاشەوە کە ئەو کێشەیە چارەنەبوە لەبەشێک لە پارچەکانی کوردستان وەک خۆی ھەرماوەتەوە".