ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققە دەستیپێكرد
ھەسەدە جەنگە گەورەكەی راگەیاند
K24 - ھەولێر
ھێزەكانی سووریای دیموكرات "ھەسەدە" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققەی راگەیاند، ئەوەشی خستەڕوو ھاوپەیمانان رۆڵی كاریگەریان لە كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە دەبێت.
تەڵال سلۆ گوتەبێژی ھەسەدە رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە، لە ھەر سێ قۆڵی باكوور و رۆژھەڵات و رۆژئاوا دەستیپێكردووە، پلانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە بە ھاوبەشی لەگەڵ ھاوپەیمانان دارێژراوە و كات بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی رەققە دیار نەكراوە".
گوتەبێژی ھێزەكانی سووریای دیموكرات گوتیشی: "لە گەمارۆدانی رەققە سەركەوتوو بووین و دەیان ھەزار ھاووڵاتی سڤیلمان لە بندەستی داعش رزگاركرد، ئەمڕۆش ئۆپەراسیۆنە گەورەكە بە بەشداری چەندین ھێز دەست پێدەكات و لە سەرووی ھەموویانەوە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەست پێدەكات".
راشیگەیاند: "داوا لە ھاووڵاتیانی رەققە دەكەین لە بنكەكانی داعش دووركەونەوە و ھاوكاری ھێزەكانی ھەسەدە بكەن".
ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر. دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری تەبقە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك كۆنترۆڵكرایەوە.