جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى هيندستان بۆ مه‌سرور بارزانى: ئێوه داعشتان تێك‌شكاند
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له (ئه‌ممار سینها) جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له (ئه‌ممار سینها) جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هیندستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا، كه به ئاماده‌بوونی باڵیۆزی هیندستان له عێراق و كونسوڵی هیندستان له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، تیشكخرایه سه‌ر دوا په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هیندستان و رێوشوێنه‌كانی فراوانكردنی په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری كرا.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا شه‌ڕی جیهانی دژ به تیرۆریستان و هه‌ڕه‌شه ئه‌منییه هاوبه‌شه‌كان تاوتوێكرا.
له‌وباره‌وه جێگری باڵیۆزی هیندستان له عێراق به‌ناوی وڵاته‌كه‌ی پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه جیهانییه‌ی له هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، له راستیدا ئێوه بوون له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ك هه‌ر پێشڕه‌وییه‌كانی داعشتان وه‌ستاند، به‌ڵكو پاشهكشهتان پێكرد و تێكتان شكاند.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، كه به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتی وڵاته‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان بایه‌خدانه به پێگه‌ی هه‌ولێر و ده‌رخه‌ری په‌رۆشی ئه‌وانه بۆ فره‌وانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له بواره جیاكاندا .
هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له عێراقی دوای داعش و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بیری توندڕۆیی و پێویستی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌تێكی فره‌لایه‌ن بۆ له‌ڕه‌گه‌وه چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه و هۆكاره‌كان كرا و تیشكخرایه سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته بۆ بنه‌بڕكردنی توندڕۆیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتی ته‌واو له هێزه ناوخۆییه‌كان بكات.
