ھەسەدە گەڕەكی رۆمانییەی لە رەققە كۆنترۆڵكرد
سەركردەیەك و 11 چەكداری داعش كوژران
K24 - ھەولێر
پەیامنێری كوردستان24 لە رەققە رایگەیاند: "لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققە، شەڕڤانانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات "ھەسەدە" گەڕەكی رۆمانییەیان لە شاری رەققە كۆنترۆڵكرد".
گوتیشی: "لە شەڕی گەڕەكی رۆمانییە سەركردەیەك و 11 چەكداری داعش كوژران".
رۆژی 6 حوزەیران ھێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققەی راگەیاند، تا ئێستا چەند گەڕەك و ناوچەیەكی شارەكە لە دەستی داعش رزگاركراون.
ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر. دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری تەبقە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكرات كۆنترۆڵكرایەوە.