بڕیاری رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید جددیە و پەشیمان نابێتەوە

رۆژنامەکانی مەدرید و پۆرتوگاڵ چەند نهێنییەک دەدرکێنن

K24- هەولێر

رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگاڵی بە مانشێتی رۆژی هەینی بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و ئاشکرایکرد کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە خۆدزینەوەی لە باجدان بڕیاری داوە لە ریال مەدرید بڕوات.
ئەم هەواڵەی رۆژنامە پۆرتوگاڵییەکە بووەتە بابەتی گەرمی میدیاکانی جیهان، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا رۆژنامەی ئابۆلا وەکو ئاماژەیەک بە مانشێتەکەی دوێنێ هەینی نووسیویەتی 'هەواڵێکی رۆژنامەکەمان جیهانی هەژاند'
رۆژنامە پۆرتوگاڵییەکە نووسیویەتیشی رۆناڵدۆ بە هاوڕێیەکانی لە هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ گوتووە، لە ریال مەدرید دەڕوات و لەم بڕیارەی پەشیمان نابێتەوە،
رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگاڵیش لە مانشێتی ئەمڕۆیدا نووسیویەتی 'ئێرە جێدەهێڵم' ئەمەشی وەکو قسەیەکی کریستیانۆ خستووەتە روو.
رۆژنامەکەش ئاشکرایکردووە، خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵدۆ داوای لە فلۆرێنتینۆ پێرێز کردووە رێگایەک بۆ رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید بدۆزێتەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیش لە مانشێتی ژمارەی رۆژی شەممەیدا نووسیویەتی رۆناڵدۆ لە تۆمەتباکردنی بێزارە و هەڕەشەی بەجێهێشتنی ریال مەدرید دەکات.
رۆژنامەی مارکا بە سەرسوڕمانەوە لە رووپەڕی ئەمڕۆیدا پرسیاری ئەوەی کردووە، ئایا کریستیانۆ تۆ دڵنیای؟ رۆژنامەکە نووسیوتیشی، رۆناڵدۆ بە هاوڕێکانی لە هەڵبژاردە پۆرتوگاڵی گوتووە، بڕیاری بەجێهێشتنی ریالی داوە و پەشیمانبوونەوەی تێدا نییە.
بە گوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی ئیسپانیا، ریال مەدرید دەیەوێت دۆخەکە هێور بێتەوە و دوای کۆتایی هاتنی جامی کیشوەرەکان قسە لەگەڵ رۆناڵدۆ بکات، بەڵام خۆرخێ مێندێز دەیەوێت لەم چەند رۆژەدا لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز کۆببێتەوە بەفەرمی و راشکاوانە بڕیارەکەی رۆناڵدۆی پێبگەیەنێت.
بەپێی سەرچاوەکانی رۆژنامەی مارکا رۆناڵدۆ جگە لە بابەتی باج، لە هەڵسوكەوتی هاندەران و میدیاکانی مەدریدیش بێزارە و هەست دەکات هەمیشە وەکو زاڵمێک و تاوانبارێک سەیری دەکەن.
رۆناڵدۆ تاکو هاوینی 2021 گرێبەستی لەگەڵ مێرێنگی هەیە و نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی ملیارێک یۆرۆیە، بەڵام کارلۆس کاربیۆی جێگری بەڕێوەبەری گشتی رۆژنامەی مارکا رایگەیاندووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز ئەگەر بزانێت رۆناڵدۆ لەسەر رۆیشتنی سوورە، رێگای رۆیشتنی لێ ناگرێت، چونکە گومان دەکرێت ئەم بڕیارەی کریس بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت و دۆن بیەوێت مەدرید بەجێبهێڵێت.

مانشێتی رۆژی هەینی رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگاڵی، کە بۆیەکەمجار بڕیاری رۆیشتنی رۆناڵدۆی لە ریال مەدرید بڵاوکردەوە
مانشێتی رۆژی هەینی رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگاڵی، کە بۆیەکەمجار بڕیاری رۆیشتنی رۆناڵدۆی لە ریال مەدرید بڵاوکردەوە
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگاڵی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگاڵی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگاڵی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگاڵی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی