سەعد مەعن: تۆمارکردنی چەکی هۆزەکان پشتیوانیکردنە لە کارەکانی حکوومەت

سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە بەشداریکردن لە پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک کردووە و پڕۆسەکە بێ کێشە بەردەوامە.

سەعد مەعن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: رێکخستنەوەی چەک پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، هەنگاوی هۆزەکان بۆ تۆمارکردنی چەک، پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ کارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ.

سەعد مەعن راشیگەیاند "رێکخستنەوەی چەک بووەتە پێویستییەک، ئەگەر بمانەوێت ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان بپارێزین، جگە لەو رێچکەیە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە. ئەو هەنگاوانەی هۆزەکان دەینێن، پاڵنەر و پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ ئەوەی حکوومەت لە کارەکانی بەردەوام بێت".

سەعد مەعن روونیکردەوە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بەشدارییان لە رێکخستنەوەی چەک کردووە و بەشێکی دیکەش لە رێگادان، هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و هەموو لایەنەکان لە گفتوگۆدان، ناکۆکییە بچووکەکان تەنیا لە بابەتی رێکخستنەکانن نەک لە خودی بیرۆکەکە.

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەختیکردەوە، بەرژەوەندیی عێراق لە ئێستا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، دەشڵێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە 30ـی ئەیلوول، سەروەریی تەواو بۆ عێراق دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەرپرسیارەتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی هەمووان.