پووتین ئامادەیی رووسیای بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوروپا راگەیاند

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش لەگەڵ دراوسێ ئەوروپییەکان رایگەیاند، جەختیکردەوە مۆسکۆ هیچ مەرامێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە کیشوەری ئەوروپا نییە.

ئاژانسی تاس بڵاویکردەوە، پووتین هەینی لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی پیشەسازیی سەربازیی وڵاتەکەیدا روونیکردەوە، هەڕەشە دەرەکییەکان بۆ سەر رووسیا نەک کەم نەبوونەتەوە، بەڵکو هاوپەیمانیی ناتۆ بەردەوامە لە فراوانبوون و هەژموونی گەیشتووەتە ناوچەکانی دیکەی جیهان.

سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا گرت، پووتین گوتی: "هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا بە ئاشکرا باس لە خۆئامادەکردن دەکەن بۆ جەنگ لەگەڵ رووسیا". پووتین ئەو لێدوانانەی بۆ هەوڵەکانی ئەو سەرکردانە گەڕاندەوە کە دەیانەوێت هەڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان داپۆشن و جەماوەری لەدەستچوویان قەرەبوو بکەنەوە، لە کاتێکدا هاووڵاتییەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا بە روونی دژی هەر جۆرە شەڕێکن لەگەڵ مۆسکۆ.

سەبارەت بە دۆخی ئۆکرانیا، پووتین دەسەڵاتدارانی کیێڤی بە هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە گەیشتن بە ئاشتی تۆمەتبار کرد. وەک نموونەیەکیش باسی کوژرانی یەلێنا ئۆستانینا، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکانی زاپۆرۆژیای کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەهۆی بۆردومانی هێزەکانی ئۆکرانیاوە گیانی لەدەستدا.

پووتین دەسەڵاتدارانی کیێڤی بە مشتێک گەندەڵکار ناوبرد، بە گوتەی ئەو، بۆ مانەوە لە دەسەڵات و بەردەوامیی تاڵانکردنی ئەو پارانەی لە ئەوروپاوە بۆیان رەوانە دەکرێت، دژی هەڵبژاردنن و دەیانەوێت جەنگ بەردەوام بێت.

لەبارەی توانای سەربازیی وڵاتەکەیشی، پووتین پڕۆژەیەکی نوێی بۆ پڕچەککردن و پەرەپێدانی پیشەسازیی بەرگری خستەڕوو. هاوکات فەرمانی دا بە خێراتر تەواوکردنی سیستەمی مانگە دەستکردەکانی رووسیا، بەمەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی هەواڵگری و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بە شێوەیەکی خێرا و راستەوخۆ.

لە کۆتاییشدا جەختیکردەوە بەرنامە نوێیەکانیان سەرنج دەخەنە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ تێکشکاندنی هەر هێرشێکی ئاسمانی، لەگەڵ پێدانی بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستەمی رۆبۆتی و چەکی زۆر ورد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی.