38 په‌نابه‌ری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له ئیتالیا ده‌ستگیركران
هه‌ر یه‌كێكیان 10 هه‌زار دۆلاری دابووه قاچاغچی
K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی شاری باری له هه‌رێمی پولیای ئیتالیا، له دوو رۆژی رابردوودا 38 په‌نابه‌ری باشووری كوردستانیان ده‌ستگیر كردووه، كاتێك ده‌یانویست به شێوه‌ی نایاسایی بگه‌نه ئه‌و وڵاته.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له ئیتالیاوه به كوردستان 24 راگه‌یاند " ئه‌و 38 هاووڵاتییه‌ی باشووری كوردستان له 10 پیاو و 11 ئافره‌ت و 17 منداڵ پێكهاتبوون و به كه‌شتییه‌كی چارۆگه‌دار له توركیاوه به‌ره‌و ئیتالیا به‌ڕێكه‌وتبوون، به‌ڵام له لایه‌ن پۆلیسی ئیتالییه‌وه ده‌ستگیر كراون.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه، هه‌ر كه‌سێك له‌و په‌نابه‌ره كوردانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بڕی (10 هه‌زار دۆلار)ـی دابووه قاچاغچییه‌كان تا بتوانن بگه‌نه ئیتالیا و له‌وێشه‌وه بڕۆن بۆ وڵاته‌كانی دیكه‌ی كیشوه‌ری ئه‌وروپا.
هه‌ر چه‌نده لێشاوی كۆچ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌مبووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا ناو به ناو خه‌ڵكی باشووری كوردستانیش به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌ڕۆن و له‌و رێگایانهشدا پێشتر ژماره‌یه‌كی زۆریان بوونه‌ته قوربانی و له لایه‌ن قاچاغچییه‌كانه‌وه ده‌ستخه‌ڕۆ كراون.