بازرگانی له نێوان سعوودیه و ئیسرائیل ده‌ستپێده‌كات
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانییان ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "تایمز"ی به‌ریتانی، هه‌ریه‌ك له سعوودیه و ئیسرائیل گفتوگۆكانییان ده‌ستپێكردووه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا ده‌ستپێبكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئیسرائیل ده‌یه‌وێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ریاز ئاسایی بكاته‌وه.
رۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه عه‌ره‌بی و ئه‌مه‌ریكییه‌كان، ئاماژه به‌وه ده‌كات، له سه‌ره‌تا ئه‌و په‌یوه‌ندییه بازرگانییانه سنووردارده‌بێت، وه‌ك رێگه‌دان به كۆمپانیا ئیسرائیلییه‌كان له كه‌نداو كار بكه‌ن و رێگه به گه‌شتی فڕۆكه‌وانی هێلی "ئیل عال" بدرێت به سنووره ئاسمانییه‌كانی سعوودیه‌دا گه‌شت بكات.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات، هه‌ر پێشكه‌وتنێك له‌و بواره، هاوكاری ئه‌و دوو وڵاته ده‌كات، كه خاوه‌ن یه‌ك دوژمنن ئه‌ویش ئێرانه، هه‌روه‌ها جموجۆڵێك به‌لایه‌نی ئه‌رێ"ی له‌و ململانێیانه‌دا دێته ئارا، كه سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی شێواندووه.
رۆژنامه‌ی "تایمز" نووسیویه‌تی: "بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی له‌و جۆره له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی كه سعوودیه و هاوپه‌یمانه‌كانی خستوویانه‌ته سه‌ر قه‌ته‌ڕ، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ناچاركردنی ئه‌و وڵاته‌ی كه‌نداو ده‌ست له هاوكاریكردنی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی هه‌ڵبگرێت، كه كۆنتڕۆڵی كه‌رتی غه‌ززه‌ی له‌ده‌سته".
رۆژنامه‌كه له زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له عه‌ره‌بستان گواستوویه‌ته‌وه، هه‌ندێك له به‌رپرسانی باڵای سعوودیه، ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه و رایانگه‌یاندووه، ته‌نها ویستێكه نه‌ك زیاتر، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ئیداره‌ی كۆشكی سپی سووره له‌سه‌ر ئه‌و پرسه و ده‌یه‌وێت به خێرایی كاریگه‌رییه‌كانی سه‌ردانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ربكه‌وێت.
سه‌رچاوه: هاف پۆست