پێشمەرگە ھێرشێكی داعشی لە خورماتوو تێكشكاند

سەرجەم خۆكوژەكانی داعش كوژران

K24 - ھەولێر

چەكدارانی داعش جارێكی دیكە لە سنووری خورماتوو ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە شكستی بە ھێرشەكە ھێنا و سەرجەم داعشەكان كوژران.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24 راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش دزەیان كردووەتە نێو فڕۆكەخانەی حلێوە لە خورماتوو كە بارەگای فەوجی چواری لیوای 116 سۆرانی ھێزی پێشمەرگەی لێیە، چەكدارانی داعش سەرجەمیان خۆكوژبوونە، بەڵام پێشمەرگە ھۆشیاربوونە و لێیان ھاتوونەتە دەست سەرجەم چەكدارەكانی داعشیان كوشتووە".

ھەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە یەكێك لە خۆكوژەكان لە دەروازەی فڕۆكەخانەی حلێوە خۆی تەقاندووەتەوە،خۆشبەختانە ھێزی پێشمەرگە لەو شەڕە ھیچ زیانی گیانی بەرنەكەوتووە.