له دووڕیانه مێژووییهكهدا په‌نجه‌كان یه‌كتریی ده‌ڕوخێنن
ئه‌و دژایه‌تییه‌ی بۆ بڕیاری ریفراندۆم له ئاستی ناوخۆییدا ده‌بینرێت، به كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێوه نه‌بینرا
K24 - هه‌ولێر:
كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی هه‌رێمیی و جیهان به‌رامبه‌ر بڕیاری ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان له 25/9/2017 هێنده‌ی ئه‌و كاردانه‌وه ناوخۆییانه توند نه‌بوون كه پاش بڕیاره‌كه بینران. وڵاتانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی توركیا و ئێران، زمانی بهیاننامهكانیشیان سرووشتی بوو، بۆ دوو ده‌وڵه‌تی وه‌ك ئه‌وان كه زیاتر له سه‌د ساڵه خۆیان به خاوه‌نی به‌شێكی خاك و خه‌ڵكی كوردستان ده‌زان كه لكێنراوه به وڵاته نوێیه‌كانیانه‌وه، كاردانه‌وه‌كانیان هه‌ر هێنده‌ی ئه‌و رۆژانهبوو كه له دیدارێكی میدیایی یان په‌یامێكی سیاسی‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی ریفراندۆمی ده‌كرد، چونكه ته‌نها خواستی یه‌كپارچه‌یی عێراق و هه‌ندێك له‌وه‌ش دوورتر بڕیاره‌كه‌یان به هه‌ڵه ناوبردبوو له‌م كاتهداو هیچ هه‌ڵچوون و ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێكی دیاریكراویان لێ نه‌بینرا.

به‌ڵام كاردانه‌وه‌كانی ناوخۆی كوردستان زۆر توند و دژبه‌رانه بوون، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی هێزه سیاسییه‌كان دابه‌ش بوون و دوو به‌ره‌یی درووست بووه " به‌ره‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ریفراندۆمه و بریاری له‌سه‌ر داوه‌و به‌ره‌یه‌كیان به ئاشكرا له ئاستی باڵاش راینهگهیاندبێ، كادیر و دهستهبژێرهكانیان كه‌مپه‌ینی نه‌یاری بڕیاره‌كه‌یان راگه‌یاندووه".
ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ریفراندۆمی كوردستانن له‌و به‌رواره‌دا، زۆرینه‌ن، رۆژی 7/6/2017 له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌و سه‌ره‌نجام به‌و بڕیاره‌وه له كۆبوونه‌وه‌كه هاتنه ده‌ره‌وه. به‌ڵام به‌ره‌ی نه‌یاری ریفراندۆم زیاتر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان رێبه‌رایه‌تییان ده‌كات، چونكه ئه‌و دوو لایه‌نه كێشه سیاسییه‌كانی نێوانیان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كه په‌یوه‌سته به ئیداره‌دانی هه‌رێمی كوردستان و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به ئه‌ندازه‌یه‌ك قوڵبووه‌ته‌وه له بڕیارێكی به‌و شێوه ستراتیژیی و چاره‌نووسسازدا، كه‌وتوونه‌ته به‌ره‌ی دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه.

ئه‌و رۆژه‌ی زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ بارزانی رۆژی ریفراندۆمیان دیاریكرد، خاڵێكیشیان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان گه‌ڵاڵه كرد، دواتر له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان خرایه به‌رده‌ستی بزوتنه‌وه‌ی گۆران، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌و دانیشتنی یه‌كه‌م یوسف محه‌مه‌د به‌ڕیوه‌ی ببات و پاشان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بگۆڕدرێت و گۆرانیش كه‌سێكی دیكه بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاری بكات. به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی به مه‌رجدار ناوبرد و له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند" ئه‌وان هیچ مه‌رجێك بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان قبوڵ ناكه‌ن و پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان به‌و ده‌سته سه‌رۆكایه‌تییه‌ی ئێستایه‌وه كارابكرێته‌وه".

كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانیش كه سكرتێری په‌رله‌مان سه‌ر به‌وانه هه‌مان بۆچوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان نواند، بۆیه پاش ئه‌وه دابه‌شبوونی به‌ره‌ی ریفراندۆم و دژی ریفراندۆم ئاشكراتر كه‌مپه‌ینه میدیاییه‌كانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
كار گه‌یشتووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی پارته سیاسییه‌كان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه زۆرترین كات و په‌یڤی خۆیان بۆ ئه‌و پرسه ته‌رخان بكه‌ن. به‌شێكی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن سه‌ربه‌خۆیی گرنگترین ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییه و ئێستا باشترین كاته بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافه. به‌شێكی كه‌متریش ده‌ڵێن " پێویستمان به ده‌وڵه‌ت نییه به‌م هه‌لومه‌رجه سیاسی و ئابوورییه‌ی ئێستاوه، گه‌ر ریفراندۆم بكه‌ین، سنووره‌كانمان له‌سه‌ر داده‌خرێت و له برسا ده‌مرین".
به‌ڵام هیچ ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمیی تا ئیستا باسی داخستنی سنووریان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت له دوایین لێدوانی په‌یوه‌ست به‌و پرسه، ئیبراهیم كاڵن، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا به رۆژنامه‌وانانی گووت " ئیمه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كورد و به‌غدا گفتوگۆ ده‌كه‌ین، بیرمان له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه په‌نا بۆ سزادانیان ببه‌ین پێش ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ین".

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانیش له كاتی دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆم، نه‌یانگوتووه به شه‌ڕ و ئاڵۆزی ئه‌و مافه به‌ده‌ست ده‌خه‌ین، به‌ڵكو رایانگه‌یاندووه " به گفتوگۆ و دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی دراوسێ و جیهان قۆناغه‌كانی ئه‌و پرۆسه چاره‌نووسسازه ده‌ستپێده‌كه‌ین و یه‌كه‌مین شوێنیش به‌غدایه بۆ گفتوگۆ، كۆمیته‌ی تایبه‌تیش بۆ دانووستان له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه به به‌شداریی لایه‌نه‌كان درووست ده‌كرێن.
بارزانی له دوایین دیداری له‌گه‌ڵ گۆڤاری فۆرن پۆڵه‌سی، گووتی " جیابوونه‌وه‌ی ئاشتییانه له‌گه‌ڵ به‌غدا، باشترین چاره‌سه‌ره بۆ كێشه‌كان و ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری ناوچه‌كه".
كه‌وایه پرۆسه‌كه به شه‌ڕ و گرژی به‌ره‌و ئامانجه‌كانی نابرێت، به‌ڵكو بڕیاردراوه به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه ئه‌و هه‌نگاوه بنرێت. چونكه كورد له مانه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا بێ ئومێد بووه‌و خه‌ریكه هه‌موو رێگاكان له‌سه‌ر یه‌ك داده‌خه‌ن، هه‌ر بۆیه بارزانی ئه‌وه‌شی گوتبوو "ده‌مێكه گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه پێویسته ریفراندۆمێك ئه‌نجام بدرێت و رێگه به خه‌ڵكی خۆمان بده‌ین بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن، زۆر له‌مێژه ئه‌و باوه‌ڕه‌م هه‌یه، چونكه به‌غدا باوه‌ڕی به شه‌راكه‌تی ئێمه نییه".

به‌ره‌ی دژی ریفراندۆم كه هێشتا پارهتهكانیان (گۆڕان و كۆمه‌ڵ) به فه‌رمی بۆ رای گشتیان ئاشكرا نه‌كردووه كه به دژ ده‌مێننه‌وه یان له‌وانه‌یه له‌و نزیكانه هه‌ڵوێستیان بگۆڕێت، به‌ڵام زیاتر له سه‌نگه‌ری بژێوی خه‌ڵك و مووچه و گوزاره‌نی هاووڵاتیانه‌وه په‌لاماری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌كانی دیكه ده‌ده‌ن كه بڕیاری ریفراندۆمیان داوه. پێیانوایه به‌و هه‌موو كێشه و قه‌یرانه سیاسی و ئابوورییه‌وه كاتی بڕیارێكی له‌و جۆره نییه.
به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه‌ی بڕیاری ریفرانۆمیان داوه، خراپبوونی ئه‌و دۆخه و مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق به كرۆكی كێشه‌كانه ده‌زانن، چونكه پێش زیاتر له 3 ساڵ به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانبه‌ره‌كانی بڕی و ئه‌و پرۆسه برسیكردنه‌ی ئێستا هه‌ندێك لایه‌ن لیی ده‌ترسن ده‌ستپێكردووه.

ته‌نانه‌ت به‌هۆی هاوكارینه‌كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه له ده‌ستووردا وه‌ك به‌شێك له پاسه‌وانیی هه‌رێم ناسێنراوه‌و ده‌بوو به‌غدا مووچه و پێدوایستییه‌كانیان دابین بكات نه‌یكرد، هه‌ر ئه‌وه‌ش به یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان ده‌بینن كه كاتیك سوپای عێراق به فهرماندهییهتی گشتیی نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق له مانگی حوزه‌یرانی 2014 ده‌رگایان بۆ داگیركردنی به‌شێكی زۆری خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه له لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوی داعشه‌وه داگیركران، چونكه پێشمه‌رگه‌ش چه‌ك و پێدوایستی ئه‌وتۆی له به‌رده‌ست نه‌بوو و له هه‌مان كاتدا ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به كه‌ركوكیشه‌وه هێزه‌كانی سوپای عێراقیان تێدابوو. ئه‌و سوپایه‌ش بێ شه‌ڕ ناوچه‌كانیان راده‌ستی داعشكرد، ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه زۆر و پێشكهوتووهشی هه‌یانبوو كه‌وتنه ده‌ست چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه.

كاتێك شه‌ڕی داعش یه‌خه‌ی هه‌رێمی كوردستانی گرت، هه‌م بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێم له به‌غداوه بڕدرابوو، هه‌م سوپای عێراق ناوچه‌كان و چه‌كه‌كانیان كه‌وتبووه ده‌ست داعش، هه‌م جه‌نگه قورسه خوێناوییهكهش كه زیاتر له سێ ساڵه به‌رده‌وامه، بوودجه و خه‌رجییه‌كی زۆری پێویست بوو، كه جگه له هاوكاریی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستانیش به‌شی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ی له نه‌وت ده‌ستی ده‌كه‌وت، ناچار بوو بۆ پێداویستییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی ته‌رخان بكات.
كێشه‌یه‌كی دیكه كه له‌سه‌رده‌می هه‌ر دوو خولی سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی و پێش ئه‌ویش هیچ هه‌نگاوێكی پێویستی بۆ هه‌ڵنه‌گیرا، كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بوو، ئه‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌یان كه‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رگریكردن، پێشمه‌رگه به خوێنی خۆی رزگاری كردنه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای له بارزانی كرد، له پاش ئازادكردنی شاره‌دێی "باشیك" له رۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ رایبگه‌یه‌نێت " ئه‌مڕۆ ده‌توانیین بڵێن زۆرینه‌ی خاكی كوردستان له ده‌ست داعش ئازادكراوه".

بۆیه دوای ئه‌و به‌رواره ئیدی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ئاماده‌نیین ره‌وشی ناوچه‌كه بۆ پێش جه‌نگی داعش بگه‌ڕێته‌وه، پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی نیشته‌جێی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ش ئیستا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی نابێت ره‌وشی پارێزگای نه‌ینه‌وا وه‌ك پێش 10/6/2014 بێت كاتێك داعش داگیری كرد.
ئێستا كورد گه‌یشتووه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كاتی تۆخكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێڵه سنورییانه‌ی باشووری كوردستانه كه پێش 100 ساڵ به‌گوێڕه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی سایكس - پیكۆ له نێوان زلهێزه‌كان كاڵكرانهوهو لكێنران به ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه.
ئێستا ئه‌م دوو بۆچوونه له ناوخۆی كوردستان له ململانێدان، به‌ره‌یه‌ك بڕیاری ریفراندۆمی داوه‌و به‌ره‌یه‌كی كه‌مینه‌ش به رێبه‌رایه‌تی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه.

بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه گه‌وره‌و مێژووییانه‌ی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربن و كورد بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی بدات، پێویسته رۆژی 25/9/2017 زۆرترین په‌نجه‌كان به "به‌ڵێ" مۆربكرێن، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت نه‌ك یه‌كتر شكاندن، دوورنییه په‌نجه‌كان یه‌كتری بڕوخێنن، رووخانی بڕیارێك كه خه‌باتی سه‌دان ساڵه‌ی بزوتنه‌وه شۆڕشگێڕییه‌كانی كورد بۆ ره‌خساندنی ئه‌و رۆژه بووه، چونكه شكستهێنان به ریفراندۆم، وه‌ك شكستهێنان نییه به لایه‌نێكی سیاسی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان یان هه‌ڵبژاردنێكی ناوخۆییدا، وه‌ك زۆرێك له چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی ده‌ڵێن "به شكستی بڕیاری نه‌ته‌وه‌یی كورد‌و له‌باربردنی ده‌رفه‌تێكی مێژوویی ئه‌ژمارده‌كرێت"، ده‌رفه‌تێك كه له مێژوودا ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی زۆرنییه، چونكه گه‌ر ره‌وشی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری ئێستای عێراق و ئه‌و پاڵپشتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی ئێستا بۆ كورد ره‌خساوه‌و به‌شێكی زۆری په‌یوه‌سته به جه‌نگی داعش و رۆڵی پێشمه‌رگه و هه‌وڵێكی زۆری دیپلۆماسی له ساڵانی رابردوودا، دوورنییه، ئه‌گه‌ریی دووباره‌بوونه‌وه‌ی بۆ مێژوویه‌كی دوورتر نه‌بینرێت.
ئێستا مه‌ترسییه سه‌ره‌كییه‌كه نه‌بوونی یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانه، چونكه تیره‌كانی دراوسێكان و به‌رژه‌وه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئێستا وه‌ك رابردوو سێره‌یان له سنگی كورد نه‌گرتووه، ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌و ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی ده‌نگی كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌یه، پێش هاتنی 25 / ئهیلوول، په‌نجه‌كان یه‌كبگرن، نه‌ك یه‌كتریی بڕوخێنن.
A.Qeredaxi