كۆسرەت رەسوڵ: ھەقە ھەموو لایەك ھاوكار و پشتیوانی ریفراندۆم بن
"گرنگە دەوڵەتانی بڕیار بەدەست بایەخی زیاتر بە خواستی گەلی كورد بدەن"
K24 - ھەولێر
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، گرنگە دەوڵەتانی بڕیار بەدەستی دنیا لە ناویشیاندا یەكێتی ئەوروپا گرنگی زیاتر بە ناوچەكە و خواستی گەلانی ماف خوراو و بەش مەینەتەكان بەتایبەت گەلی كورد، ئەوەش دەخاتەڕوو، ھەقە ھەموو لایەك پشتیوان و ھاوكار بن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.
بە گوێرەی راگەیەندراوی سكرتێری رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ، لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ جانێت ئالبێردا، كونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: "گرنگە دەوڵەتانی بڕیار بەدەستی دنیا لە ناویشیاندا یەكێتی ئەوروپا گرنگی زیاتر بە ناوچەكە و خواستی گەلانی ماف خوراو و بەش مەینەتەكان بەتایبەت گەلی كورد بدەن، كە بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو كراونەتە قوربانیی دابین كردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی ئەوان، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ئاوڕێكی جددی لە خواستی ئەو گەلانە بدرێتەوە و پێداگیری لەسەر دابین كردنی مافە سیاسی و ئابوورییەكانیان بكرێت بەتایبەت ئێستا گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان كە پێشەنگی دژایەتی و قەڵاچۆكردنی تیرۆریستانە لە جیاتی هەموو بەرەی دژەتیرۆر لە جیهاندا شەڕی تاریكی دەكا و بوونی خۆی سەلماندووە و لەو پێناوەشدا خوێنی سەدان رۆڵەی گەلەكەی كردووەتە قوربانیی، بەڵام ئێستا كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی داوە هەقی خۆیەتی كە هەموو لایەك هاوكار و پشتیوانی بن لە بەدیهێنانی ئەو خواستە لە مێژینەییەیدا".
لە بەرامبەردا كونسوڵی گشتی هۆڵەندا پشتیوانی خۆی بۆ تەواوی مافە رەواكانی گەلی كورد دەربڕی بەئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوە وە پێی وابوو "ئەگەر بۆ ئەو مەبەستە هەرێمی كوردستان تەنسیق و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی مەركەزی لە بەغدا بكات ئەوا پڕۆسەكە دەرەنجامی زۆر باشتری لێ دەكەوێتەوە و پشتیوانی وڵاتانی دنیاش باشتر بەدەست دەهێنرێت".
لە بەرامبەردا و هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا هیوایان خواست دیدارەكان بۆ تاوو توێ كردنی هەل و مەرجەسیاسییەكان و ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانكراوەكانی ناوچەكە بەردەوامییان هەبێت بۆ گەیشتن بە لێك تێگەیشتنی تەواو.

