زیاتر لە 870 هەزار دۆلارى دیکە بۆ خوێندکارانى تواناسازى خەرج دەكرێت
56 خوێندكار لە بڕە پارەكە سوودمەند دەبن
K24 - ھەولێر
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، زیاتر لە 870 هەزار دۆلار وەک قۆناخى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى خەرجكراوە، کە بەسیستمى بانکى رەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کراوە.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: "دواى ئەوەى رەزامەندى نیشاندرا لەسەر خەرجکردنى بڕى 30 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕیاریدا بە خەرجکردنى قۆناخى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى کە بەسیستمى بانکى رەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا".
راشیگەیاند: "قۆناخى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕەکەى بریتیە لە 870,572 هەزار دۆلار، بۆ ئەوەش بڕە پارەکە بە یەک قۆناخ خەرج دەکرێت و تیایدا 56 خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى ئەمریکا، بەریتانیا ،ئوستورالیا، سويد، کەنەدا لێى سودمەند دەبن.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتيشى: "پێشوتر لە چوار قۆناخى جيا جيادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى 2,452,598 مليۆن دۆلارى خەرجکردووە کە 1366 خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە وڵاتە جیاجیاکان لێى سودمەندبوون، کۆى ئەو پارانەش لە رێگەى سيستمى بانکیەوە رەوانەى زانكۆکان کراوە.