لەسەر گیان لەدەستدانی فەقێیەك مەلایەك و ھەشت فەقێ دەستگیر دەكرێن
كەسوكاری گومان لە شێوەی گیان لەدەستدانی دەكەن
K24 - ھەولێر
دوای ئەوەی تەرمی فەقێیەك بە ھەڵواسراوی لە مزگەوتێكی كەلار دۆزرایەوە، كەسوكاری فەقێیەكە گومانیان لە شێوەی گیان لە دەستدانی كوڕەكەیان ھەیە، مەلایەك و ھەشت فەقێ لەسەر ئەو كەیسە دەستگیر دەكراون.
رۆژی 14 ئەم مانگە تەرمی فەقێیەك بە ھەڵواسراوی لە مزگەوتی سیراجەدین لە قەزای كەلار دۆزرایەوە، كەسوكاری ئەو فەقێیە رایدەگەیەنن، گومانیان لە شێوەی گیان لە دەستدانی كوڕەكەیان ھەیە، چونكە ئەو شوێنەی كە كوڕەكەیان لێی ھەڵواسراوە نزمتر لە باڵای خۆی.
بە گوێرەی راپۆرتی پزیشكی دادوەری دەركەوتووە ئەو فەقێیە بە پشتێنەكەی خۆی ھەڵواسراوە و دوای سێ كاتژمێر گیانی لە دەستداوە، دوای رووداوەكەش مەلایەك و 8 فەقێ لەسەر رووداوەكە دەستگیركراون.
فاروق ناجی تەمەن 22 ساڵ خەڵكی گوندی حەسەن محەی سەر بە قەزای كەلارە ماوەی ھەشت ساڵ وانە وەك فەقێیەك وانە ئاینییەكانی خوێندووە، نزیكەی پێنج ساڵ لە مزگەوتی سیراجەدین خوێندویەتی.
كەسوكاری فاروق دەڵێن، كوڕەكەیان ھیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و دەروونی نەبووە، بەڵام ئەوان گومانیان لە شێوازی گیان لە دەستدانەكەی ھەیەێ.
ئاشكرای دەكەن، تەرمی كوڕەكەیان بە رووتی دۆزراوەتەوە، پرسیار دەكەن كاتێك كەسێك خۆی دەكوژێت چۆن خۆی رووتدەكاتەوە، ئەو شوێنەی لێی ھەڵواسراوە لە باڵای ئەو نزمترە، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە گومانی گیان لە دەستدانی فاروق.
پۆلیسی كەلار رایگەیاندووە، تەرمەكە لەناو یەكێك لە حمامەكانی مزگەوتەكە دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشكی دادی كراوە، 8 فەقێ و مەلایەك لەسەر ئەم رووداوە دەستگیركراون.
بەگوێرەی راپۆرتی پزیشكی دادی كەلار، ھیچ ئاسەوارێكی لێدان بەسەر تەرمەكەیەوە دیارنەبووە.

