دوایین زانیاری لەبارەی ئەو بەندكراوەی لە كۆیە ھەوڵیدا خۆی بسوتێنێ

5% جەستەی سوتاوە، دوای چارەسەر گەڕێندرایەوە گرتووخانە

K24 - ھەولێر

شەوی 20 ئەم مانگە بەندكراوێك لە گرتووخانەی كۆیە، ھەوڵیدا خۆی بسوتێنێ و ئاگر لەنێو گرتووخانەكە كەوتەوە، پۆلیسی كۆیەش دەڵێ، ھەوڵەكەی بۆ گێرە شوێنی نێو گرتووخانە بووە و پەڕاوێكی دیكەی لە دادگا بۆ كراوەتەوە و تۆمەتێكی دیكەشی خرایەسەر.

عەقید شۆڕش كاكە بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە كوردستان24 گوت: "ئەو بەندكراوەی ئاگری لە نێو گرتووخانەی كۆیە كردەوە، گوایە خۆی دەسوتێنێ، لە لێكۆڵینەوەكان بۆمان دەركەوتووە ھەوڵەكەی بۆ گێرەشێوێنی بووە لە نێو گرتووخانەكە نەك خۆ سوتاندن، چونكە تەنھا 5% جەستەی سوتاوە، دوای چارەسەر گەڕێندرایەوە گرتووخانە".

گوتیشی: "ئەو بەندكراوە ماددەكەی ھێندە گران نییە تا ئازاد نەكرێت و خۆی بكوژێت، بە تۆمەتی ھەڕەشەكردن بەپێی ماددەی 432 لە یاسای سزادانی عێراق دەستگیركراوە، بەڵام بەم كردەوەیەی لەنێو گرتووخانە، پەڕاوێكی دیكەی لە دادگا بۆ كرایەوە، ئەو تۆمەتەشی دەدرێتەپاڵ كە ویستویەتی پشێوی لەنێو گرتووخانە دروست بكات".

روونیكردەوە: "رووداوەكە  دوای كاتژمێر 12 شەو روویداوە و ئەو بەندكراوە لە رێگەی چەرخەوە ئاگری بەرداوەتە جەستەی خۆیی".

بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە، لەبارەی تەندروستی بەندكراوەكانی دیكە بەھۆی رووداوەكە گوتی: "بەندكراوەكانی دیكە ھیچیان جەستەیان نەسوتاوە، تەنھا بەھۆی دوكەڵەوە تووشی تەنگە نەفەسی بوون، پاش رووداوەكە چارەسەری تەندروستی پێویستیان بۆكرا".