گوتی دوای زیدان دەبێتە راهێنەری ریال مەدرید

لەم وەرزە لەگەڵ لاوانی ریال مەدرید زۆربەی ناسناوەکانی بەدەستهێنا

K24- هەولێر

تیپی ژێر 19 ساڵانی ریال مەدریدی ئیسپانی ئەم وەرزە لەگەڵ خۆزێ ماریا گوتی زۆربەی ناسناوەکانی بەدەستهێنا و چاوەڕێ دەکرێت، گوتی دوای زینەدین زیدان ببێتە راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید

گوتی لەم وەرزە لەگەڵ لاوانی ریال مەدرید بووە پاڵەوانی لالیگا، جامی شای ئیسپانیا، جامی پاڵەوانەکان و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان، کە جامی شای ئیسپانیا دوایین دەستکەوتی ئەم وەرزەی گوتی بوو، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە لە یاریی کۆتایی 4-1 لە ئاتلێتیکۆ مەدریدیان بردەوە.

رۆژنامەی مارکا لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا لە رووپەڕی سەرەکی نووسیویەتی 'گوتی لەگەڵ لاوانی ریال مەدرید پەرجوو دەخوڵقێنێت'، هەروەها رۆژنامەکە لێدوانێکی گوتی بڵاوکردووەتەوە، کە ناوەڕاستکارەکەی پێشووی ریال مەدرید لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامە ئیسپانییەکە گوتویەتی 'ئامانجی من وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی یەکەمی ریال مەدریدە، بەڵام هێشتا رێگەیەکی دوورم لەپێشە'.

گوتی گوتویەتیشی 'من هیوادارم زیدان لە راهێنەرایەتی تیپی یەکەم بەردەوام بێت و منیش لەگەڵ لاوان بەردەوام بم، بەڵام نایشارمەوە لە داهاتوو ئاواتمە ببمە راهێنەری تیپی یەکەم'.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکا
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکا