بروسكەی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانى بە بۆنەی كۆچی دوایی عەبدولواحید گوانی

خوالێخۆشبوو لەکاتی تەنگانەدا لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە منەوە هەبوو

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به بۆنه‌ى كۆچى دوايى عه‌بدولواحيد گوانى، سەرۆكی بۆردی ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكران و قائيمقامى پێشووى چۆمانه‌وه‌، برووسكه‌يه‌كى ماته‌مينى ئاراسته‌ى بنه‌ماڵه‌ى كۆچكردوو كرد.

له‌ برووسكه‌كه‌دا هاتووه‌: خوالێخۆشبوو لەکاتی تەنگانەدا لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە منەوە هەبوو و لە ڕاپەڕینیشدا بۆ گەیاندنی ڕێنوێنی و تەوجیهات بۆ ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوخۆ ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو.

جێى ئاماژه‌يه‌، سه‌رۆك بارزانى له‌ ميانى سه‌ردانێكى بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ساڵى رابردوو، له‌ نه‌مسا سه‌ردانى عه‌بدولواحيد گوانى كرد، كه‌ بۆ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشييه‌كه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات بوو.

ده‌قى برووسكه‌كه‌:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
خانەوادەی بەڕێزی کاک عەبدولواحید گوانی
بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاکە عەبدولواحیدمان پێگەیشت. خوالێخۆشبوو لەکاتی تەنگانەدا لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە منەوە هەبوو و لە ڕاپەڕینیشدا بۆ گەیاندنی ڕێنوێنی و تەوجیهات بۆ ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوخۆ ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو. لە ساڵانی دوای ڕاپەڕینیش وەک پێشمەرگە و کادیر و دواتریش وەک قایمقامی چۆمان ڕۆڵێکی دیاری هەبوو و وێڕای ئەوانەش وەک دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمەڵەی چاودێریی کەمئەندامانی سۆران و دواتریش لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ناشناڵ پارکی هەڵگورد – سەکران، خزمەتێکی دڵسۆزانەی پێشکەشی گەل و وڵاتەکەی کرد.
لەم بۆنە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشی بە خانەوادە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم خزم و كەسوكار و هاوڕێیانی کاک عەبدولواحید و خەڵکی نیشتیمانپەروەری دەڤەری سۆران و باڵەکایەتی ڕادەگەیەنم و بەشداری خەمتانم.
لە خودای گەورە داواكارم گیانی کاک عەبدولواحید بباتە بەر دلۆڤانیی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموولایەك ببەخشێت.
انا لله وانا الیه راجعون
مەسعود بارزانی
٢٦ـی٦ـی٢٠١٧