هێزێکی ئەمریکی و هەسەدە دوو گوندیان لە رەققە کۆنتڕۆڵکرد
یەكەم ھێرش لە قۆڵی باشووری رەققە بۆ سەر داعش دەستیپێكرد
K24 - ھەولێر
هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزێکی تایبەتی ئەمریکی دوو گوندیان لە باشووری رەققە کۆنتڕۆڵکرد.
پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بە پاڵپشتی هێزێکی تایبەتی ئەمریکی، شەڕڤانانی هەسەدە هەردوو گوندی غووتە و کەسرە عەفنانیان لە باشووری رەققە کۆنتڕۆڵکرد، وەک یەکەم هێرش لە قۆڵی باشووری پایتەختی دیفاکتۆی داعش.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەسەدە لەهەردوو قۆڵی رۆژئاوا و رۆژهەڵات پێشکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە و لەدوایین پێشهاتیشدا، گەڕەکی قادسییەی کۆنتڕۆڵکرد.
رۆژی 6 حوزەیران ھێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققەی راگەیاند، تا ئێستا چەند گەڕەك و ناوچەیەكی شارەكە لە دەستی داعش رزگاركراون.
ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر. دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری تەبقە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكرات كۆنترۆڵكرایەوە.