بارسێلۆنا تاکو هەینی یەکەم گرێبەستی ئەم هاوینەی واژوو دەکات

دیۆلۆفیۆ دەگەڕێنێتەوە ریزەکانی

K24- هەولێر

تاکو رۆژی هەینی چاوەڕێ دەکرێت جیرارد دیۆلۆفیۆ بەفەرمی بگەڕێتەوە ریزەکانی بارسێلۆنا و ببێتە یەکەم گرێبەستی ئەم هاوینەی یانە کەتەلۆنییەکە.
رۆژنامەی سپۆرت لە رووپەڕی رۆژی سێشەممەیدا ئاشکرایکردووە، دیۆلۆفیۆ دەبێتە یەکەم گرێبەستی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا و کارگێڕانی بارسێلۆنا بە بەڕێوەبەری کارەکانی دیۆلۆفیۆیان راگەیاندووە، بارسا دیۆلۆفیۆ دەگەڕێنێتەوە ریزەکانی.
بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی دیۆلۆفیۆ، بارسێلۆنا تاکو رۆژی 30ی ئەم مانگە بۆی هەیە بەرامبەر 12 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە 23 ساڵانە بگەڕێنێتەوە ریزەکانی، کە 2015 دیۆلۆفیۆ لە بارسێلۆناوە پەیوەندی بە ئێڤەرتۆنی ئینگلیزییەوە کرد.
بارسێلۆنا نایەوێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدات و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو جیرارد دیۆلۆفیۆ بگەڕێتەوە ریزی بلاوگرانا.
جیرارد کە وەرزی رابردوو بەخواستن لە ریزەکانی ئەیسی میلانی ئیتاڵی یاریی دەکرد و لە 17 یاری 4 گۆڵی تۆمارکرد، پێشتریش تەنیا دوو یاریی بۆ تیپی یەکەمی بارسا کردووە و کوڕی یانەکەیەوە و سێ ساڵ لە ریزی تیپی دووەمی یانەکە یاریی کردووە.
گەرچی یانەکانی ئەیسی میلانی ئیتاڵی کە بەخواستن یاریی بۆ دەکرد و ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی دەیانەوێت وەرزی داهاتوو دیۆلۆفیۆ درێسی یانەکەی ئەوان بپۆشێت، بەڵام دواجار کارگێڕانی بارسێلۆنا خۆیان یەکلاکردووەتەوە و بڕیاریان داوە 12 ملیۆن یۆرۆ لە پێناوی گێڕانەوە کوڕەکەی خۆیان بژمێرن.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی