ئەفسانەکانی بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد یارییەکی خێرخوازیی دەکەن
رۆناڵدینهۆ و ریڤاڵدۆ بەشداریی یارییەکە دەکەن
K24- هەولێر
رۆژی هەینی داهاتوو ئەفسانەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لە کامپ نوو یارییەکی خێرخوازیی ئەنجام دەدەن.
رۆژی هەینی (30/06/2017) لە یاریگەی کامپ نوو ئەفسانەکانی بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد کاتژمێر 21:00 بە کاتی هەولێر یارییەکی خێرخوازیی دەکەن و ریڤاڵدۆ و رۆناڵدینهۆی بڕازیلی کە پێشتر درێسی بلاوگرانایان پۆشیوە، جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە ریزەکانی بارسێلۆنا و بەشداریی ئەم یارییە خێرخوازییە دەکەن.
لە مانچێستەر یونایتد هەریەکە لە ڤان دێر سار، دوایت یۆرک، پۆل سکۆلز، فیل نێڤل بەشداریی یارییەکە دەکەن و برایان رۆبسۆن و ئاندی کۆلیش راهێنەرایەتی تیپەکە دەکەن. لە بارسێلۆناش هاوشانی رۆناڵدینهۆ و ریڤاڵدۆ هەریەکە لە لۆدڤیک جولی و ئێریک ئابیدال بەشداریی یارییەکە دەکەن.
نرخی بلیتەکان لە نێوان 10 تاکو 21 یۆرۆ دەبێت و داهاتی یارییەکە لەپێناوی کاری خێرخوازی و هاوکاریکردنی منداڵانی جیهان بەکار دێت.
