کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداریی یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەمی جامی کیشوەرەکان ناکات

بەهۆی بوونی بە باوکی دووانەیەک

K24- هەولێر

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی بوونی بە باوکی دووانەیەک بەشداریی یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەمی جامی کیشوەرەکان ناکات و هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ بەجێدەهێڵێت.
دوای ئەوەی رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لە پێشکۆتایی جامی کیشوەرەکان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بە چیلی دۆڕان و نەگەیشتنە فایناڵ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگاڵ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ پێش دەستپێکردنی جامی کیشوەرەکان بە سەرۆکی فیدراسیۆن و ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکەی راگەیاندووە بووەتە باوکی دووانەیەک، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی بە بەرنامەکانی هەڵبژاردەکەی هاوڕێکانی بەجێنەهێشت،
فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگاڵ بڵاویشیکردووەتەوە، بەهۆی بێهیوابوونیان لە بەدەستهێنانی جامی کیشوەرەکان بڕیاریان داوە مۆڵەت بە کریستیانۆ بدەن بۆ ئەوەی بچێتە لای دووانە تازە لەدایکبووەکەی.
رۆناڵدۆ لە هەژماری فەرمی خۆی روونکردنەوەیەکی لەبارەی بەیاننامەکەی فیدراسیۆنەکەی پۆرتوگاڵ بڵاوکردووەتەوە و بوونی بە باوکی دووانەیەک دووپاتکردووەتەوە و نووسیویەتی، دوای شکستهێنانمان لە بەدیهێنانی ئامانجەکەمان، سەرۆکی فیدراسیۆن و راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەم رەزامەندییان لەسەر بەجێهێشتنی شاندی هەڵبژاردەکەم دا بۆ ئەوەی دواجار چاوم بە منداڵەکانم بکەوێت و سوپاسی ئەم هەڵوێستەی سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردەکەی کردووە.
رۆناڵدۆ دەبێتە خاوەنی سێیەم منداڵ و هاوشێوەی جۆنیۆری کوڕی، دایکی ئەم دووانەشی دیار نییە و خۆشەویستی کریستیانۆ بۆ منداڵ زۆرە، تەنانەت پێشتر لە لێدوانێکی رایگەیاندبوو جۆنیۆری کوڕی گرنگترین شتە لە دونیا دڵی پێ خۆش بێت.

بەیاننامەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگاڵ
بەیاننامەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگاڵ
پۆستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە فەیسبووک
پۆستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە فەیسبووک