هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى: ره‌وشى مووسڵى كۆن زۆر ئاڵۆزه
وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق كۆتايهاتنى ده‌سه‌ڵاتى داعشى له مووسڵ راگه‌ياند.
K24 – هه‌ولێر:
وته‌بێژى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش رايان ديلون، رايگه‌ياند، ره‌وشى مووسڵى كۆن ئاڵۆزه.
دوێنێ 29ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2017 وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق كۆتايهاتنى ده‌سه‌ڵاتى داعشى له مووسڵ راگه‌ياند.
ديلون گوتى: به گوێره‌ى مهزندهمان، چه‌ند سه‌د چه‌كدارێكى داعش له مووسڵ ماوون.
گوتيشى: ئه‌وانه له گه‌ڕه‌كى مووسڵى كۆن و نه‌خۆشخانه‌ى كۆمارى شاره‌كه خۆيان حه‌شارداوه.
ديلون متمانه‌ى خۆى بۆ هێزه عێراقييه‌كان ده‌ربڕى و گوتى: دڵنياين داعش شكستى يه‌كجاره‌كى ده‌هێنێت.
سه‌باره‌ت به كۆتايهاتنى شه‌ڕى مووسڵ ناوبراو ره‌تيكرده‌وه، هيچ واده‌يه‌ك ديار بكات.
ئه‌و گوتى: ناتوانم واده‌يه‌كى دياريكراو ده‌ستنيشان بكه‌م، له‌و بڕوايه‌دام شه‌ڕه‌كه چه‌ند رۆژێكى ديكه‌ى ده‌وێت، نه‌ك چه‌ند هه‌فته‌يه‌ك.
سه‌باره‌ت به گه‌ڕه‌كى مووسڵى كۆن، وته‌بێژى هاوپه‌يمانێتى گوتى: ره‌وشه‌كه زۆر ئاڵۆزه.
دوێنێ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى گوتى: ده‌سه‌ڵاتى دهوڵهتۆكهى ناڕه‌واى داعش له عێراق كۆتايهات.
سێ ساڵ پێش ئێستا و له 29ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2014دا ئه‌بو محه‌ممه‌د ئه‌لعه‌دنانى وته‌بێژى داعش، له به‌ياننامه‌يه‌كدا دامه‌زراندنى ده‌سه‌ڵاتێكى ئيسلامى به ناوى خيلافه‌ت له مووسڵ راگه‌ياند.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ديلون له ميانى به‌شداريكردنى له گه‌شتى هه‌واڵه‌كانى كوردستان24، ورده‌كارى زياترى شه‌ڕى مووسڵ و ره‌ققه‌ى خسته‌ڕوو.