ژنه په‌یامنێرێك ده‌چێته یه‌كێك له مه‌ترسیدارترین باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی جیهان
په‌یامنێری سكای نیوز ده‌چێته ژووری كۆنترۆڵكردنی مووشه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی ئه‌مریكا
K24 - هه‌ولیر:
ژنه په‌یامنێرێكی كه‌ناڵی سكای نیوز له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به ناوی " كوردیلیا لینش" توانیوویه‌تی بچێته ژووری كۆنترۆڵكردنی مووشه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی ئه‌مریكاوه، ئه‌وه‌ش كارێكی میدیایی بێ پێشینه‌یه كه ده‌رباره‌ی هه‌ستیاریی چالاكییه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوه مه‌ترسیداره سه‌ربازییه ئه‌نجامدرابێت.
په‌یامنێره‌كه راپۆرتێكی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر چۆنییه‌تی كاركردن له ژووری كۆنترۆڵ و كلیله‌كانی هه‌ڵدانی مووشه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان ئاماده‌كردووه. له‌و شوێنه مه‌ترسیدار و هه‌ستیاره‌دا خه‌ڵكانێك كار ده‌كه‌ن هیشتا ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتووه‌ته 30 ساڵ، ئه‌و شوێنه‌ش ده‌كه‌وێته شاری شایان له ویلایه‌تی "وایومینگ" له ناوه‌ڕاستی چیاكانی رۆژئاوای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
ئه‌و ژووره‌ی كۆنترۆڵی مووشه‌كه‌كان ده‌كات، 21 مه‌تر له ژێر زه‌ویدایه، چوون بۆ ئه‌و ژووره به‌هۆی رێڕه‌وی ته‌سك و دیواربه‌ندی پۆڵاینه و هه‌ر ده‌رگایه‌كی ئه‌و شوێنه 8 ته‌ن قورسه.
یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌و دامه‌زراوه‌یه كارده‌كات و له هێڵی پێشه‌وه‌ی كاركردنی دامه‌زراوه‌ی به‌رگری ئه‌تۆمییه ده‌ڵێت:" ده‌توانین له ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێكدا فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆك جێبه‌جێ بكه‌ین و مووشه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان بته‌قێنین، ئه‌گه‌ر هاتوو فه‌رمانی هێرشی ئه‌تۆمیمان پێبكرێت".
ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كه به نۆره 24 كاتژمێر كار ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌هیچ ئامێرێكی په‌یوه‌ندیكردن و ئه‌لیكترۆنییان پێ نییه، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌توانێت دزهبكاته ناو ئامیره‌كانیانه‌وه، ئه‌گه‌ر نامه و په‌یامێكیشیان بۆ بێت، به رێگه‌ی كه‌ناڵێكی تایبه‌تی چاودێری و كۆدكراودا تێده‌په‌ڕێت و له ئاستێكی باڵادا چاودێرییان له‌سه‌ر دانراوه.
سه‌ره‌ڕای دابڕاویی شوینه‌كه، به‌ڵام ناوه‌ندی سه‌ركردایه‌تی ژیانێكی ئاسایی تێدایه، پره له خزمه‌تگوزاری ژیانێكی ئاسایی و كات به‌سه‌ربردن. بلیارد و شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن و وێنه‌ی زۆر به دیواره‌كاندا هه‌ڵواسراون، ئه‌وانه‌ش بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌یه كه رۆژانێكی زۆر له دووری خێزان و كه‌سوكاره‌كانیان ده‌بنه سه‌ر.
ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا درووستكراوه، ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كانی ناوه‌وه‌ی به به‌رده‌وامی نوێ ده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام ناگۆڕدرێن، شوێنه‌كه هێنده ته‌سكه، له هه‌ندێك به‌شیدا زیاتر له 4 كه‌س ناگرێت.
مولازمی یه‌كه‌م "پۆڵ كراولی" ده‌ڵێت " ئێمه له لایه‌نی ئاسایش و چاككردنه‌وه‌وه رۆژانه سه‌رپه‌رشتی 10 كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ین" هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" لێره هێزێكی ئێجگار گه‌وره و زه‌به‌لاح هه‌یه، بۆیه زۆر به جدی و گرنگییه‌وه وه‌رمان گرتووه".
له‌و كاته‌ی په‌یامنێره‌كه له مولازمی دووه‌م " ئانا ڤیكتۆریا براینت" ده‌پرسێت " هه‌ستت چییه چاره‌نووسی ملیۆنان كه‌س له ژێر ده‌ستدایه؟" له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "به راستی زۆر ورد و هه‌ستیاره، به‌ڵام ئه‌وه كاره‌كه‌مه، بۆ به‌رگریكردن له نیشتیمانه‌كه‌م هه‌ڵمبژاردووه".