لەبەر بزرکردنی کلیلی دەرگای یاریگەکە یارییەکەیان دواخست

لە قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانەکانی کاپ ڤێردی

K24- هەولێر

لە خولی یانەکانی کاپ ڤێردی بەهۆی ئەوەی کلیلی دەرگای یاریگەی یارییەکەیان برزکردبوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە یارییەکەی دواخست.

رۆژی سێشەممەی رابردوو وابڕیاربوو یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانەکانی کاپ ڤێردی لە نێوان مێندلینسی و ئەلترامینا لە یاریگەی ئۆرلاندۆ رۆدریگێز لە دوورگەی ساو نیکۆلا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئەو کارمەندەی کلیلەکانی یاریگەکەی لەلابووە، نەچووەتە یاریگەکە و یاریزان و هاندەران و ناوبژیوانی یارییەکە نەیانتوانیوە بچنە ناو یاریگەکە، دوای دوو کاتژمێر چاوەڕێکردن لە بەردەم یاریگەکە رۆیشتوون.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کاپ ڤێردی لە بەیاننامەیەکیدا لەبارەی ئەو رووداوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو کارمەندەی کلیلەکانی لەلابووە نەچووە دەرگای یاریگەکە بکاتەوە و دوای چاوەڕوانییەکی زۆر ناچاربوون یارییەکە دوابخەن، تەنانەت فیدراسیۆنەکە وەکو سزایەک بڕیاری داوە یاریی چوون بۆ کاتێکی نادیار دوابخات و سبەی یەکشەممە یاریی گەڕانەوە لە یاریگەی تیپی دووەم ئەنجام بدرێت.

لە بەرامبەر بەیاننامەکەی فیدراسیۆنەکە، حکومەتی تارافال تۆمەتەکەی فیدراسیۆنەکەی رەتکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، کارمەندەکەیان ئاگاداری کاتی یارییەکە نەبووە و فیدراسیۆنی تۆپی پێ لەبارەی کاتی یارییەکەوە ئاگاداری نەکردوونەتەوە و حکومەتی تارافال رەتیکردووەتەوە کلیلەکانی دەرگای یاریگەکە ون بووبێت.