وەزیری كشتوكاڵ: ناچارین ئاوی بەنداوەكان گلدەینەوە
"بەرپرسانی ئێران و عێراق لەو كێشەیە ئاگادار كراونەتەوە"
K24 - ھەولێر
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران و عێراقمان لە كێشەی گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران لە سنووری قەڵادزێ ئاگادار كردونەتەوە و ناچارین ئاوی بەنداوەكان گلدەینەوە و بەرینادەینەوە.
عەبدلستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی: "ئەو بابەتەمان چەندین جار بە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران گوتووە، كە سوود لە ئاوەكان وەربگرن، بەڵام نەك زیان بە ھەرێمی كوردستان بگەیەنێت".
گوتیشی: "گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران، زیانی زۆری ھەیە بۆسەر ھەرێمی كوردستان، ئەو ئاوەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی 90 ھەزار كەسی سنوورە قەڵادزێ و كشتوكاڵی ناوچەكە و پڕۆژەكانی ماسییە، ھەروەھا 60% ئاوی بەنداوی دوكان پێكدەھێنێ".
راشیگەیاند: "وەزارەتی ئاو و بەنداوەكانی عێراقمان ئاگاداركردووەتەوە، چونكە عێراقیش سوود لەو ئاوە دەبینێ، ھەر بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیمان بە سەركونسوڵگەری ئێران لە ھەولێر كردووە، ئێستا كاتی بەردانەوەی ئاوە نەك گرتنەوە".
وەزیری كشتوكاڵ ئەوەشی خستەڕوو: "ناچارین ئەو بڕە ئاوەی لە بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان ھەیە گلدەینەوە، لەبەر ئەوەی پێویستمان پێیە بۆ خواردنەوە و كشتوكاڵ، ناتوانین بەریدەینەوە".