دادگایی كردنی رێبوار تاڵەبانی دواخرا

لەسەر ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگا حكومییەكانی كەركووك سكاڵا لە دژی تۆماركراوە

K24 - كەركووك

بڕیاربوو ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگایی كردنی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لەسەر ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگا حكومییەكانی كەركووك لە دادگای فیدراڵی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام دانیشتنی دادگا دواخرا.

پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "دادگاییكردنی رێبوار تاڵەبانی بۆ24 مانگ دواخرا".

كاروان عوسمان، راوێژكاری یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە كوردستان24 گوت: "ئەمڕۆ پارێزەری ھەردوو لامان لە دادگا ئامادەبووین و دادگا داوا و بەرگری ئێمەی خوێندوەتەوە لە بەرامبەر سكاڵاكەی بەرەی توركمانی دژی رێبوار تاڵەبانی، ھەروەھا دادگا چەند پرسیارێكی لە پارێزەری بەرەی توركمانی كرد، پاشان دادگا بڕیاریدا دانیشتنەكە بۆ رۆژی 24 ئەم مانگە دوابخرێت".

عەدنان زەنگەنە پارێزەری رێبوار تاڵەبانی لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان24 گوت: "ئەمڕۆ نووسراوی خۆمان بۆ بەرگریكردن لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، پێشكەش بە دادگا كرد، دوای گفتوگۆ لە نێوان خۆیان، دادگای بڕیاری دواخستنی دادگاییكردنەكەیان دواخست".

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا، ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگا حكومییەكانی كەركووك ھەڵبكرێت، بەرەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە دادگایی فیدراڵی عێراق سكاڵایان دژی رێبوار تاڵەبانی تۆماركرد.

رۆژی 28 ئاداری2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە كۆی دەنگ بڕیاریدا ئاڵای كوردستانی لەسەر دامودەزگا حكوومییەكانی شارەكە ھەڵبكرێت، ئەمەش كاردانەوەی لەلایەن بەشێك لە توركمان و عەرەبەكانی كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی بەغدا لێكەوەتەوە.