لە سۆران كچێك لە ماڵەكەی خۆیدا كوژرا
"شوێنەواری لێدانی چەقۆ بە جەستەیەوە دیارە"
K24 - ھەولێر
شەوی رابردوو كچێك كە بە تەنیا لە ماڵ بووە بە چەقۆ كوژراوە و تا ئێستاش بكوژی دیار نییە و ھۆكاری كوشتنی ئاشكرا نەكراوە.
ملازم شێروان خالید بەرپرسی بەشی راگەیاندنی نووسینگەی سۆرانی توندوتیژی دژی ژنان، بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو لە رێگەی پۆلیسی فریاكەوتنی سۆران ئاگاداركراینەوە، لە رووداوی كوشتنی كچێك بەناوی (ر. س. ع) لە یەكێك لە گەڕەكەكانی قەزای سۆران، بۆ لێكۆڵێنەوەی زیاتر تەرمی كچەكە رەوانەی پزیشكی دادەوەری كراوە".
گوتیشی: "ئەو كچە بە تەنھا لە ماڵەوە بووە و شوێنی لێدانی چەقۆ بە جەستەیەوە دیارە".
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی نووسینگەی سۆرانی توندوتیژی دژی ژنان، راشیگەیاند: "خێزانی كچەكە گومانیان لە ھیچ كەس نییە ئەو كردەوەی ئەنجامدابێت، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێكردووە".