سه‌رۆك بارزانى: گەلی كوردستان لە رێگەی دیالۆگ و بە ئامرازی ئاشتیانە بەرەو سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی دەڕوات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق كرد.

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق كرد.

له‌و باره‌يه‌وه‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌واڵێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێيدا هاتووه‌: رۆژی دووشەممە ٣ـی٧ـی٢٠١٧ لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لەسەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق سوپاسگوزاریی وڵاتەکەی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش دەربڕی و بە گرینگییەوە باسی هەماهەنگی و هاوکاریی هەردوولای کرد لە شەڕ دژی تیرۆر و تەئکیدی لەسەر بەردەوامیی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییانە کردەوە.

هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەماهەنگییە نایابەی لەئۆپەراسیۆنی ئازاکردنی مووسڵدا لەگەڵ عێراق هەیبووە و بەرز نرخاندی، ڕێز و پێزانینی زۆریشی بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو کە لەو دۆخە قورسەدا پێشوازییان لەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کردووە و وەک بەهایەکی بەرزی مرۆیی وەسفی کرد.

هەر لە دیدارەکەدا باس لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و لێکەوتەکانی کرا و ئەو نیگەرانییانەش باس کران کە بەهۆی کردەوەی پێچەوانەی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانەوە ئەنجام دراون و لە ئایندەدا دەبنە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورەتر و مەترسی لەسەر پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە دروست دەکەن.

لەو بارەیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گەل و حکوومەت و سوپای ئەمەریکا دەربڕی بۆ ڕۆڵیان لە شەڕی تیرۆر و یارمەتیدانی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و ڕوونیشیکردەوە کە قۆناغی دوای داعش زۆر هەستیارە و پێویستە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو زەمینەیە بگیرێت کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش. سەرۆک بارزانی وەبیر شاندی میوانی هێنایەوە کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ئێمە داوامان دەکرد لەپاڵ بوونی پلانی سەربازی پێویستە پلانێکی سیاسی و ئیدارییش بۆ پارێزگای نەینەوا لە دوای دەرکردنی داعش هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕێککەوتنە نەکرا و ئێستا سەرەتاکانی کێشە دەرکەوتوون.

سەرۆک بارزانی جارێکی دیکەش جەختی کردەوە کە ئەگەرچی لەسایەی هەماهەنگی و هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و پشتیوانیی هاوپەیمانانێتیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتیی ئەمەریکا، وا خەریکە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ بە تێکشکاندن و دەرکردنی داعش لە موسڵ کۆتایی دێت، بەڵام نەمانی داعش لە موسڵ بەمانای کۆتاییهاتنی داعش و تیرۆر نایەت و پێوستە ئەو هۆکارانە نەمێنن کە بووە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی تیرۆر و دەبێ پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە هەست بە دڵنیایی و پارێزراویی ژیانیان بکەن.

هەر لەو دیدارەدا بە تێروتەسەلی باس لە بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ـی ئەیلوول کرا و سەرۆك بارزانی بە وردی ئەو هۆكارانەی ڕوون كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێت و جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان لەڕێگەی دیالۆگ و بە ئامرازی ئاشتیانە بەرەو سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی دەڕوات و ئەوەیش لەپێناو ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی شەڕ و گرفتی تازەیە. لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئەمەریکا هیوای خواست بابەتی ڕیفراندۆم و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هەردوولا بێت.