مەكتەبی سیاسی یەكێتی: بڕیاری دوورخستنەوەی ئاڵا تاڵەبانی جێبەجێ دەكرێت

"بڕیاری گۆڕینی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەجێی خۆیەتی"

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی دەنگۆی مانەوەی ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق، لە پۆستەكەی، رایدەگەیەنێت، بڕیاری گۆڕینی لەجێی خۆیەتی و لە كۆبوونەوەی داھاتووی مەكتەبی سیاسی لەگەڵ فراكسیۆنی سەوز بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت.

لە روونكردنەوەیەكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: "ماوەیەك لێرەو لەوێ‌ زانیاری ناڕاست لەبارەی جێبەجێ‌ نەكردنی بڕیاری گۆڕینی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاودەكرێتەوە، بۆیە رایدەگەیەنین بڕیاری گۆڕینی سەرۆكی فراكسیۆن‌ و  دانانی سەرۆكێكی نوێ‌ لەجێ‌ خۆیەتی‌ و لە كۆبونەوەی داهاتوودا لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لەبەغدا، بەئامادەبوونی جێگری سكرتێری گشتی‌ و لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی بڕیارەكە جێبەجێ‌ دەكرێ"‌.

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ھاتووە: "هەروەها گۆڕانكارییەكانی تریش بەپێی بڕیاری پەسەندكراوی كۆبونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پۆستەكانی حزب و حكومەت بە قۆناغ جێبەجێ‌ دەكرێن".

رۆژی 12 حوزەیرانی2017، بە بڕیاری كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاڵا تاڵەبانی لە سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.