ناوەڕاستکارێکی ریال بیتیس شەڕ لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا هەڵدەگیرسێنێت

کلاسیکۆیەکی دیکە لەسەر سیبایۆسی 20 ساڵان بەڕێوەیە

K24- هەولێر

دانی سیبایۆس، ناونیشانی شەرێكی دیکەی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا دەبێت و ئەمجارەیان هەردوو جەمسەرەکەی تۆپی پێی ئیسپانیا لەسەر یاریزانێکی لاوی ئیسپانی کلاسیکۆیەکی دیکە ئەنجام دەدەن.
دانی سیبایۆس، ئەو ناوەڕاستکارە 20 ساڵانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یۆرۆی خوار 21 ساڵان باشترین ئاستی پێشکەشکرد و بەباشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەکە دەستنیشانکرا، لەم چەند رۆژەدا سەرنجی زۆربەی میدیاکانی ئیسپانیای راکێشاوە و هەمووان باسی داهاتووی ئەم یاریزانەی ریال بیتیس دەکەن.
یانەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەپێناوی بەدەستهێنانی تواناکانی سیبایۆس رکابەری یەکتری دەکەن و هەریەکەیان بە جۆرێک هەوڵ بۆ دڵڕازیکردنی سیبایۆس دەدات.
رۆژنامەی ئاسی مەدریدی لە رووپەڕی ئەمڕۆ سێشەممەیدا ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ رۆژێکی چارەنووسسازە بۆ سیبایۆس و ئەمڕۆ ریال مەدرید لەبارەی سیبایۆسەوە لەگەڵ ریال بیتیس گفتوگۆ دەکات.
ریال مەدرید ئامادەیە 20 ملیۆن یۆرۆ لەپێناوی سیبایۆس بژمێرێت، لەکاتێکدا ئەو یاریزانە نرخی هەڵوەشاندەوەنی گرێبسەتەکەی 15 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام زینەدین زیدان دەیەوێت ئەم ناوەڕاستکارە لاوە بکاتە شوێنگرەوەی لۆکا مۆدریچی 31 ساڵان.

رۆژنامەی ئاس: ئەمڕۆ رۆژێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سیبایۆس
رۆژنامەی ئاس: ئەمڕۆ رۆژێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سیبایۆس

ئەمڕۆ سیبایۆس بووتە بابەتی گەرمی رۆژنامەکان، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆش لە رووپەڕی ژمارەی ئەمڕۆی نووسیویەتی سیبایۆس بارسێلۆنا پەسەند دەکات و داوای لە بەڕێوەبەری کارەکانی کردووە جگە لە بارسێلۆنا لەگەڵ هیچ یانەیەکی دیکە گفتوگۆ نەکات.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنیش لە مانشێتی ئەمڕۆی نووسیویەتی، سیبایۆس زۆر لە بارسێلۆنا نزیکبووەتەوە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرت
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرت

جگە لە ریال مەدرید و بارسێلۆنا یۆڤێنتۆسیش چاوی لە تواناکانی دانییە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاریزانە لاوەی ئیسپانیا ببێتە هۆی شەڕێکی دیکەی نێوان مێرێنگی و بلاوگرانا، کە بەرپرسانی ریال مەدرید رکابەرەکەیان بەوە تۆمەتبار دەکەن، تاکو ئەوان دەستیان بە گفتوگۆ کردن نەکرد لەگەڵ بیتیس، بارسێلۆنا بیری لە کڕینی سیبایۆس نەکردبوو، بەرپرسانی بارساش دەترسن شایانەکان بە پارە بیتیس و سیبایۆس بۆ خۆیان رابکێشن.

دانی سیبایۆس، باشترین یاریزانی یۆرۆی خوار 21 ساڵان
دانی سیبایۆس، باشترین یاریزانی یۆرۆی خوار 21 ساڵان