دیارترین نەریتەکانی دێرینترین پاڵەوانییەتی تێنس

تایبەتمەندییەکانی وێمبڵدۆن

K24- هەولێر

وێمبڵدۆن کە دێرینترین پاڵەوانییەتی تێنسە و 140 ساڵە بەڕێوە دەچێت، زۆر خاڵی جیاکەرەوە و تایبەتمەندی هەیە لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکانی دیکەی گراندسلام جیای دەکاتەوە.
وێمبڵدۆن کە یەکێکە لە چوار پاڵەوانیەتییەکەی گراند سلام تاکە پاڵەوانییەتی گەورەیە لەسەر یاریگەی چیمەن بەڕێوە دەچێت و مەرجیشە سەرجەم تێنسزانەکانی پاڵەوانیەتییەکە بە درێسی سپی یاریی بکەن و سەرپەرشتیارانی پاڵەوانیەتییەکە رێگە بە تێنسزانە بەشداربووەکانی پاڵەوانیەتییەکە نادەن جگە لە رەنگی سپی هیچ رەنگێکی دیکە لە جلوبەرگیان بەکاربهێنن و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ریكلام كردن له‌سه‌ر درێسه‌كان قه‌ده‌خه‌یه‌ و ئەمە بووەتە کلتوری پاڵەوانیەتییەکە.

ئاندی مارای لە وێمبڵدۆنی 2017
ئاندی مارای لە وێمبڵدۆنی 2017

لە کۆی ئەو یاریگەیانەی میوانداریی یارییەکان دەکەن، یاریگەی سەرەکی پاڵەوانیەتییەکە بنمیچی هەیە و لە کاتی باران بارین سوودی لێوەدەگیرێت، سەرپەرشتیارانی پاڵەوانیەتییەکە بەپێی ماستەر پلانی کۆمەڵگەکە پلانیان هەیە تاکو 2019 بنمیچ بۆ یاریگەی یەکەمیش دروست بکەن.
پاڵەوانییەتی وێمبڵدۆ کە 140 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە و لە 1877 یەکەم وەشانی پاڵەوانیەتییەکە بەڕێوەچووە، تاکو ئێستا پارێزگاری لە کلتور و نەریتە دێرینەکانی خۆی کردووە و هێشتا تابلۆی نووسینی ئەنجامی یارییەکانی سەرەتای بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتییەکە بەکاردێت.

تابلۆی ئەنجامەکانی وێمبڵدۆن
تابلۆی ئەنجامەکانی وێمبڵدۆن

خواردنی شلک و کرێم بووەتە یەکێک لە کلتورەکانی وێمبڵدۆن و هەر هاندەرێک ئامادەی یارییەکان بێت، جگە لە سەیرکردنی یارییەکان فراولە و کرێم دەخۆن و ساڵانە زیاتر لە 27 تۆن فراولە دەخورێت.
بلیتی یارییەکانی وێمبڵدۆن زۆر گرانبەهان و بلیتی یارییەکانی یاریگە سەرەکییەکان هەزار پاوەند تێدەپەڕێنن

خواردنی شلک (فراولە) لە کاتی یارییەکی وێمبڵدۆن
خواردنی شلک (فراولە) لە کاتی یارییەکی وێمبڵدۆن