گۆڕانكاری لە كاتەكانی پرسەدا دەكرێت
لە ھەولێریش كاتی پرسە كەم دەكرێتەوە
K24 - ھەولێر
وەزاری ئەوقاف و كاروباری ئاینی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی و وتاربێژان لە كۆبوونەوەدایە بۆ تاوتوێكردنی رێكخستنی كاتەكانی پرسە و چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە كاروباری مامۆستایانی ئاینی و وەزارەتی ئەقاف.
نەربەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە كوردستان24 گوت: "پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە ھەولێر لەگەڵ زۆربەی مامۆستایانی ئاینی كوردستان لە كۆبوونەوەدایە، لە كۆبوونەوەكە سێ تەوەری سەرەكی تاوتوێ دەكرێن وەك، جێبەجێكردنی بڕیاری رێكخستنی وتاری رۆژانی ھەینی، پەیمانگای كوردستان بۆ گەشەپێدانی وتاربێژان، ھەروەھا تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە رێكخسنی پرسەیە لە ھەرێمی كوردستان".
روونیكردەوە: "ئێستا پرسە لە ھەرێمی كوردستان بێسەروبەری پێوەدیارە و زۆرجار خاوەنی پرسە دەكەوێتە ژێر بارێكی گران بەم بارودۆخە، لە سلێمانی پرسە یەك رۆژە و وەك خۆی دەمێنێتەوە و لە ھەولێریش دەستكاری كاتەكە دەكرێت و كەمدەكرێتەوە".
ھەر لەو بارەیەوە دكتۆر بەشیر حەداد وتاربێژی مزگەوتی جەلیل خەیات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا داوا لە مامۆستایانی ئاینی كرا لە ماوەی ھەفتەیەكدا سەرنج و پێشنیارەكانیان، لەبارەی كەمكردنەوەی كاتەكانی پرسە ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف بكەن، بۆ ئەوەی وەزارەتیش لە رێگەی بۆردی راوێژكاری وەزارەتەوە بڕیار و رێنمایی نوێ دەربكات".
ئاشكراشی كرد: "پێشنیاركرا ئەو دوو رۆژەی كە پرسە دادەنرێت كاتەكە لە سێ سەعات زیاتر نەبێت، ھەروەھا ئەوانەی قورئان دەخوێنن لە پرسەكان، رێژەی پارە وەرگرتنەكەیان بۆ دیار بكرێت، باسیش لە دەنگی بڵندگۆی مزگەوەتەكان و شێوازی قورئان خوێندن كرا".